بەرپرسێکی یەکگرتوو: تاوتوێی وەرگرتنی پۆست لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
کارگێڕێکی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت، ناچنە هیچ گفتوگۆیەکەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان؛ گوتیشی: ''بەشداریی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان و پرسی سوێندخواردنی پەرلەمانتاران دەکەین.''
کاژێر 14:00ـی رۆژی پێنجشەممە، 28-11-2024، شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەت، سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی لە سلێمانی کرد.
عوسمان کاروانی، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەم سەردان و دیدارانە ئاسایین.''
عوسمان کاروانی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان گوتی: ''بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتوو، بەشداریی حکومەت ناکەین و ئەم بابەتە بۆ ئێمە یەکلایی بووەتەوە و لەوبارەوە ناچینە هیچ گفتوگۆیەکەوە.''
رۆژی سێشەممە، 26ی تشرینی دووەمی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمانی هەرێمیی ژمارە 417ـی ساڵی 2024ـی دەرکرد، بۆ ئەوەی رۆژی دووشەممە، 02-12-2024 کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆ یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت؛ عوسمان کاروانی ئاماژەی دا، ''بەشداریی یەکەم دانیشتنەکە و پرسی سوێندخواردنی پەرلەمانتاران دەکەین.''
سەبارەت بە وەرگرتنی پۆست لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، عوسمان کاروانی گوتی: ''تاوەکو ئێستا تاوتوێی هیچ شتێکمان لەوبارەوە نەکردووە، رۆژی شەممە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنمان هەیە، پێدەچێت لەو کۆبوونەوەیەدا هەموو شتێک تاوتوێ بکرێن.''
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان چەندین جار جەختی لە گرنگیی پێکهێنانی بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمان کردووەتەوە. عوسمان کاروانی دەڵێت: ''ئێمە دەرگەمان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هێز و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان بە مەبەستی کۆبوونەوە لە ژێر چەترێکی هاوبەش کراوەیە. پێویستە کارکردن لەسەر پڕۆژەی هاوبەش و لێکتێگەیشتنی هاوبەشیان هەبێت.''
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە کاژێر 16:00، شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕانیش لە سلێمانی بکەن.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیە، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسندکرد کە پارتی بە بەدەستهێنانی 39 کورسی براوەی یەکەمە، یەکێتی 23 کورسی و نەوەی نوێ 15 کورسی هەیە و پلەکانی دووەم و سێیەمیان گرتووە.
هەوڵەکان بۆ دروستکردنی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستانەوە دەستیپێکردووە. لەو چوارچێوەیەدا دوێنی چوارشەممە، پارتی و یەکێتی بەجیا لە هەولێر و سلێمانی دەستیان بە کۆبوونەوەکان کرد؛ پارتی لە سلێمانی چوونە لای نەوەی نوێ و گۆڕان، یەکێتیش لە هەولێر سەردانی کۆمەڵی دادگەری کرد.