یەکێتی: چاوەڕوانی وەڵامی پارتین بۆ دیاریکردنی کات و شوێنی کۆبوونەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، چاوەڕوانی وەڵامی پارتین بۆ دیاریکردنی کات و شوێنی کۆبوونەوە.
 
رۆژی شەممە 28-10-2023 سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتییی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا پارتی سەرقاڵی کۆبوونەوەکانیەتی و ئێمەش چاوەڕوانی وەڵامین، بەشی پەیوەندییەکانی یەکێتی راسپێردرابوو کە قسەیان لەگەڵ بکات و ئێستا چاوەڕوانی دیاریکردنی کات و شوێنی کۆبوونەوەکەین."
 
لەبارەی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، گوتەبێژی یەکێتی گوتی، "کۆبوونەوەکان قۆناخ قۆناخ دەکرێن."
 
رۆژی 19-10-2023 مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە و ئەرکەکانی دابەشکرد و لیژنەیەکی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی و لایەنەکانی دیکە پێکهێنا، کە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، سەرۆکایەتیی لیژنەکە دەکات.
 
رۆژی 27-09-2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستیپێکرد و رۆژی 1ی ئەم مانگەش پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکە پەسند کرا. دوای کۆنگرە رایگەیاند، بە دەستپێکێكی نوێ لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان کۆدەبنەوە.