ئافرەتێک لەنێو هۆڵی کۆنگرەی یەکێتی گواسترایەوە فریاکەوتنی خێرای سلێمانی
رووداو دیجیتاڵ
فریاکەوتنی خێرای سلێمانی رایگەیاند، تەندروستیی ئافرەتێک لەنێو کۆنگرە تێکچووە و گواستراوەتەوە فریاکەوتن. جگە لەوە هیچ شتێکی دیکە رووینەداوە و هەموو شتێک ئارامە.
رۆژی پێنجشەممە 28-09-2023، دووەم رۆژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. دەنگۆیەک بڵاوکرایەوە کە گوایە لەنێو هۆڵی کۆنگرە رووداوێک روویداوە و ژمارەیەک برینداری لێکەوتووەتەوە و گواستراونەتەوە فریاکەوتنی خێرای سلێمانی.
سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی 122 لەوبارەوە بە رووداوی گوت، "ئافرەتێک بە ناوی بنار کە تەمەنی 35 ساڵە لەنێو کۆنگرە قاچی ترازاوە و ئازاری پێگەشتووە و بە ئەمبوڵانس گواستراوەتەوە فریاکەوتن، بەڵام تەندروستی باشە."
بەگوتەی بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی، "هیچ رووداوێکی نەخوازراو رووینەداوە و هەموو شتێک ئارامە." دەشڵێت: "جگە لەو ئافرەتە هیچ کەسێکی دیکە نەگواستراوەتەوە فریاکەوتن."
هەردی محەممەد، نێردراوی رووداو لە سلێمانی رایگەیاند: "هیچ شەڕێک لە هۆڵی کۆنگرە رووینەداوە، ژنێک کە ئەندامی کۆنگرە بووە، لە کاتی سەرکەوتنی بەسەر پلیکانەی هۆڵەکەوە کەوتووەتە خوارەوە و قاچی شکاوە، بە ئەمبوڵانس گەیێندرایە نەخۆشخانە."
رۆژی 27-09-2023 کارەکانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە هۆڵی هونەری شاری سلێمانی دەستیپێکرد و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.