لە دهۆک سەگی بێلانە رۆژانە پەلاماری 10 کەس دەدەن؛ شێڵتەرێکیان بۆ دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

زۆربوونی ژمارەی سەگی بێلانە لە دهۆک بووەتە کێشە، بەپێی شارەوانیی دهۆک رۆژانە نزیکەی 10 کەس لەلایەن سەگی بێلانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر، لەپێناو چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش، بەم زووانە پەناگەیەک دەکرێتەوە.
 
پۆدکاستی 'بەکاتی دهۆک'ـی تۆڕی میدیایی رووداو ئەم هەفتەیە تایبەت بوو بە گرفتی زۆربوونی سەگی بێلانە لە سنووری پارێزگای دهۆک و کردنەوەی پەناگەیەک بۆ کۆکردنەوەیان.
 
رانیا، کچێکی تەمەن 35 ساڵە، ئاژەڵدۆستە و سەگی خۆشدەوێت، هەرچەندە فەرمانبەرە و رۆژانە کاری هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەناگەیەکی بۆ سەگی بێلانە لە دهۆک کردووەتەوە. ئەو، لە پۆدکاستی 'بەکاتی دهۆک' گوتی "شەش ساڵ پێش ئێستا لەسەر ئەرکی خۆم دەستم بە دروستکردنی پەناگەیەک بۆ سەگەکانی سەر شەقام کرد، سێ ساڵى یەکەم لە شوێنێکى نزیک شارى دهۆک بوو."
 
دواتر پارێزگارى دهۆک دوو دۆنم زەویی بۆ دیاریکردووە، ئەویش ئێستا نزیکەی 160 سەگی بێلانەی لەو پەناگەیەدا کۆکردووەتەوە و چاودێرییان دەکات. 
 
"سەگی بێلانە بووەنەتە گرفت و داوا دەکرێت کۆبکرێنەوە"
 
سەگی بێلانە نەوەک تەنیا لەنێو شاری دهۆک، بەڵکو لە ناوچەکانی دیکەش گرفتیان بۆ هاونیشتمانیان دروستکردووە، بۆیە زۆر خەڵک داوا دەکەن کۆبکرێنەوە و بخرێنە پەناگە.
 
جەعفەر محەممەد، سەرۆکى لیژنەى تایبەت بە سەگى بێلانە لە شارەوانیی دهۆک بە رووداوی گوت "رۆژ لە دواى رۆژ ژمارەى ئەو سەگانەى بێلانەن، زیاد دەبێت، ئێستا رۆژانە نزیکەى 10 هاونیشتمانی لە شوێنى جیاوازی پارێزگاکەوە تەلەفۆن بۆ ئێمە دەکەن و لە هێرشی سەگی سەر شەقام و کۆڵانەکان ئاگادارمان دەکەنەوە."
 
هەروەها دەڵێ لەهەندێک لەو پەلاماردانانە هاونیشتمانی بریندار دەبن و مەترسی دەکەوێتە سەر ژیانیان، "بۆیە چاوەڕێ دەکەین بە کردنەوەی پەناگەی کۆکردنەوەی ئەو سەگانە، بەشێک لەو کێشەیە چارەسەر ببێت." 
 
"16 هەزار سەگی بێلانە لە سنووری دهۆک و زاخۆ هەن و یەک شێڵتەر بەشیان ناکات"
 
دکتۆر سلێمان تەمەر، بەرپرسى رێکخراوى کوردستان بۆ پاراستنى گیانەوەران لە پارێزگای دهۆک لەکاتی بەشداریکردن لە پۆدکاستی بەکاتی دهۆک گوتی "بەپێی بەدواداچوونى ئێمە، نزیکەى 16 هەزار سەگى بێلانە لە سنوورى پارێزگاى دهۆک و ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ هەن."
 
ئەو دەڵێ "راستە خەریکە کارەکانی شێڵتەرى دهۆک تەواو دەبن، بەڵام ئەم شێڵتەرە بەشى ژمارەیەکى کەمى ئەو سەگانە دەکات کە ئێستا لە سنوورى دهۆک هەن. دەبێت شێڵتەر تەنیا بۆ ئەو سەگانە بێت، کە دەست یان قاچیان دەشکێت و پێویستیان بە چاودێری هەیە، یان کێشەیەکى تەندروستییان هەیە، بە هیچ جۆرێک بەشى هەموو ئەو سەگانەی سەر شەقام ناکات."
 
بۆیە وەک دکتۆر سلێمان داوای دەکات چارەسەر ئەوەیە لەجیاتی شێڵتەر "هۆشیاری لای خەڵک دروست بکەین کە ئاژەڵیان خۆشبووێت و لەگەڵ ئەوەشدا هەموو سەگەکان بە ڤاکسینی تایبەت بکوترێن و تۆماریان بکەن، وەک هەموو وڵاتانی جیهان کە ڤاکسین دەکرێن لەرێگەی نیشانەیەکەوە جیادەکرێنەوە و مەترسیش دروست ناکەن، هەروەها توانای جووتبوون و زیادبوونیان نابێت، ئەمە باشترین رێگەیە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی زیادبوونی سەگی سەرشەقام." 
 
رانیا: ئامادەم وەک خۆبەخش ئەزموونی خۆم هاوبەشی پێبکەم 
 
رانیا رۆژانە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی خواردن کۆدەکەنەوە، یان دەیکڕن و بە سەگەکانی دەدەن کە لە پەناگەکەی کۆیکردوونەوەتە.
 
لەبارەی کردنەوەی پەناگە نوێیەکەش لە سنووری پارێزگای دهۆک، رانیا دەڵێت "نزیکە لە شوێنی پەناگەکەی من، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک داوای نەکردووە هاوکاریی بکەم، ئەگەرنا ئامادەم وەک خۆبەخشێک ئەو ئەزموونەی خۆم لەگەڵ چاودێریکردنی سەگی بێلانە هەمە، لەوێ لەگەڵ کارمەندانی ئەو پەناگە نوێیە بەشبکەم و هاوکارییان بم".
 
هێشتا دیار نییە پەناگە نوێیەکە سەر بە کوێ دەبێت
 
بەرپرسى رێکخراوى کوردستان بۆ پاراستنى گیانەوەران دەڵێت " کێشەى سەرەکیی ئەو شێڵتەرە ئەوەیە؛ تائێستا دیار نییە سەر بە چ بەڕێوەبەرایەتییەک دەبێت، لەگەڵ پارێزگارى دهۆک و شارەوانى و ڤێتەرنەرى دهۆک کۆبوونەوەیەکمان کردووە، داوای دامەزراندنى 10 کارمەندى گرێبەستمان کردووە."
 
هەروەها دەڵێ "مانگانە سێ ملیۆن دینارمان پێویستە بۆ شێڵتەرەکە، چونکە خەرجى هەر سەگێک رۆژانە 5 هەزار دینارە." 
 

پۆدکاستی بەکاتی دهۆک: