لە ئیلام هەفتەیەکە هاونیشتمانییەک بەهۆی رووخانی شاخێکەوە بێسەروشوێنە


رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی یەک هەفتەیە بەشێک لە شاخی سەر رووباری سەیمەرە لە پارێزگای ئیلام بەسەر هاونیشتمانییەکدا رووخاوە و خێزانەکەی هێشتا چاوەڕێن تەرمی کوڕەکەیان بدۆزرێتەوە.
 
شەشەمین رۆژ لە هەوڵی هێزەکانی فریاگوزاری و خەڵکی خۆبەخش کۆتاییهات، بەڵام هێشتا تەرمی ئەو هاونیشتمانییە ماسیگرە نەدۆزراوەتەوە کەوا لەنێو رووباری سەیمەرەدا شاخەکەی بەسەردا رووخا و لەو کاتەوە بێسەروشوێنە.
 
ئێوارەی رۆژی 22.08.2022، لە نزیک گوندی چەم نەمشت سەربە شاری دەڕەشار، گەنجێکی تەمەن 24 ساڵ لە رووباری سەیمەرەدا سەرقاڵی ماسیگرتن بووە، بەڵام شاخی سەر رووبارەکە رووخاوە.
 
بازوەند کە بەرپرسێکی مانگی سووری دەڕەشارە دەڵێت، رووخانی چەندین کیلۆمەتر لە شاخەکە، گەڕانی بەدوای ئەو هاونیشتمانییە ئەستەم کردووە.
 
دوای رووداوەکە هێزەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنەکە و هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی ئەو هاونیشمانییە دەستپێکرد.
 
مەجید بیگلەرایان، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ئیلام دەڵێت، گومان دەکرێت بۆ راوەماسی، دینامیت یان ماددەی تەقەمەنیی دیکە تەقێنرابێتەوە و شاخەکە بەو هۆیەوە رووخابێت، بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بەردەوامە.
 
ئەو رووداوە لە ناوچەیەکی ئەستەمدا روویداوە و رێگەی هاتووچۆی نییە، بۆیە هاتووچۆی هێزەکانی بەرگریی شارستانی دژوارە.