پشتیوان سادق: لەگەڵ یەکێتی خاڵە هاوبەشەکانمان زۆر زیاترە لە خاڵە ناکۆکەکانمان
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت، لەگەڵ یەکێتی ئەو خاڵانەی لێکیان نزیک دەکاتەوە "زۆر زیاترە" لەو خاڵە ناکۆکانەی لە نێوانیاندا هەیە. لەبارەی میکانیزمی بەشداریکردنی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش دەڵێت: "دوای جەژن کۆدەبینەوە و بڕیار لەبارەی شێوازی بەشداریکردنمان دەدەین."
رۆژی چوارشەممە، 28-06-2023 لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی کە هاوکات وەزیری ئەوقافی هەرێمی کورستانە، لە مزگەوتی جەلیل خەیات نوێژی جەژنی کرد و دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا پیرۆزیی لە "هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان"ی کرد.
رۆژی دووشەممە، 26ـی حوزەیران مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە. لەبارەی دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە پشتیوان سادق گوتی: "بێگومان ئەو خاڵانەی کە لێکمان نزیک دەکاتەوە زۆر زیاترە لەو خاڵە ناکۆکانەی کە لە نێوانمان هەن، دەرئەنجام پێویستە هەموومان پێکەوە کێشەکانمان چارەسەربکەین و هەزار کاژێر کۆبوونەوە باشترە لە ناکۆکییەکان."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوو حزبی سیاسین و جیاوازیمان هەر دەبێت، بەڵام هاوبەشییەکانمان زیاترە، خۆزگەمان دەخواست لە بەغداش لە پڕۆژە یاسای بودجە زیاتر پێکەوەباین، لەبەرئەوەی هەندێک خەڵک دەیەوێت دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بەگویرەی دەستوور لاواز بکات ئەوەش خەونە، بەڵام ئەگەر هەموو لایەنەکان پێکەوەبن ئەوە باشتر دەمانتوانی بەرگریی بکەین، ئەوە بەو مانایە نییە پارتی بە تەنیا بووە، بەڵام پارتی داکۆکیکاری سەرسەختی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بووە."
بڕیارە 6ـى تشرینى دووەمى 2023ى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، لە بارەی میکانیزمی بەشداریکردنی پارتی لە هەڵبژاردنەکان، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی گوتی: "هیشتا بڕیارمان نەداوە چۆن و بە چ لیست و شێوازێک بەشداری لە هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەکەین، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە ناکۆکیی لەسەرن، تائێستا لەوبارەوە کۆنەبووینەتەوە دوای جەژن کۆدەبینەوە و بڕیاری خۆمان دەدەین."
پشتیوان سادق جەختی لەوەکردەوە، "پارتی هەردەم لەگەڵ ئەوە بووە بە یەکڕیزی و تەبایی دەتوانین دەستکەوتەکانی کوردستان زیاتر و بەهێزتر بکەین، دەبوو لە بەغداش زیاتر و جوانتر مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی دەستوور دەستەبەر بکەین."