وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی سەربازێکی لە هەرێمی کوردستان رادەگەیێنێت


رووداو - هەولێر

سوپای تورکیا کوژرانی سەربازێکی دیکەی لە ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ-قوفڵ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. 
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، رۆژی سێشەممە 28ـی حوزەیرانی 2022، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە کە سەربازێکیان بەناوی عەبدوڵڵا بایرام لە ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵدا کوژراوە. 
 
بەمەش، وەک لە راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگرییدا هاتووە، ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای تورکیا لە میانی بەڕێوەچوونی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە لە هەرێمی کوردستان کوژراون، گەیشتە 31 سەرباز. 
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵدا، ئەمڕۆ سێشەممە چوار گەریلا کراونەتە ئامانجی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. 
 
لە لایەکی دیکەوە ئەمڕۆ سێشەممە ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هەپەگە بڵاویکردەوە، لە 48 کاژێری رابردوودا نۆ سەربازی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی چیای مەتین و گارە بەدەستی گەریلاکانی پەکەکە کوژراون. هەپەگە دەشڵێت، رێگریی کراوە لە پێشڕەوییەکانی سوپای تورکیا و گەریلاکان بەتووندی وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوە. 
 
بەرەبەیانیی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵ لە لایەن سوپای تورکیا لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان لە دژی پەکەکە دەستیپێکرد. وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 256 گەریلا و کوژرانی 31 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە. لە بەرامبەردا هەپەگەش کوژرانی 660 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 41 گەریلای راگەیاندووە.