هاتووچۆی هەولێر: تونێلی پیرمام بۆ بارهەڵگر دادەخرێت

رووداو دییجتاڵ 

هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، تونێلی پیرمام بەڕووی بارهەڵگرەکان بەیەکجاری دادەخرێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 28-04-2024، راگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و لەپێناو پاراستنی سەلامەتی شوفێران، لە کاژێر 8:00ـی بەیانی رۆژی دووشەممەوە هاتووچۆی بارهەڵگر لە تونێڵی پیرمام رادەگیرێت. 
 
بەگوێرەی ئاگادارکردنەوەکەی هاتووچۆی هەولێر، بارهەڵگرەکان دەتوانن بە رێگەی بەستۆرە، بەربیان، شێخ توراب، مەکردان و جووت سایدی باسرمەدا بڕۆن. 
 
لەبارەی هۆکاری بڕیارەکە، هاتووچۆی هەولێر دەڵێت: "ژمارەیکی زۆر ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەم تونێلەدا هاتوچۆیان دەکرد ئەمەش وایکردبوو هاتووچۆ لە تونێلەکەدا سست ببێت و ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکانی دیکە دروست دەکرد و لە ئەگەری پەککەوتنی هەر بارهەڵگرێک ئەوە رێگەکە بە تەواوی دادەخرا کەرێگایەکی گەشتیاری و ئابووریە.
 
رۆژی هەینی، 26-04-2024، دوو رووداوی هاتووچۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی روویاندا دوای ئەو دوو رووداوە جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هاتووچۆی پارێزگاکەی راسپارد کە رۆژانی هەینی هاتووچۆی بارهەڵگر لە هەندێک رێگە قەدەخە بکەن.
 
رووداوەکەی دەربەندیخان دوو گیانلەدەستدان و دوو برینداری لێکەوتەوە؛ ئەوانەی مردن هاوژین بوون. ئەوەی دووکانیش بارهەڵگرێک کۆنترۆڵی لەدەستدا و 18 برینداری لێکەوتەوە و زیانی بە 15 ئۆتۆمبێلیش گەیاند.
 
دوای داواکەی قوباد تاڵەبانی، هاتووچۆی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لەپێناو سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییان و گەشتیاران، بڕیاردرا لە رۆژانی هەینی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان لە کاژێر 07:00 بەیانی بۆ 07:00ی ئێوارە [لە چەند شوێنێک قەدەخە بکرێت]."