وەزارەتی کشتوکاڵ: ئەوەی لەبارەی مۆزەوە بڵاوکراوەتەوە بۆ سۆشیاڵ میدیایە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو میوەیەی، گوایە بەناوی مۆزەوە لە کوردستان دەفرۆشرێت روونکردنەوە دەدات و دەڵێت: "ئەوەی لە کوردستاندا دەفرۆشرێت مۆزە، رەنگە ئەو بەرهەمەش هەبێت، بەڵام بەو رادەیە نییە کە بڵاودەکرێتەوە."
رۆژی سێشەممە، 28-3-2023، د. زێدا محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ لەبارەی فرۆشتنی بەرهەمێکی کشتوکاڵی بەناوی "پلانتاین" لە هەرێمی کوردستان کە شێوەکەی بە مۆز دەچێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بابەتەی باسکراوە بەو شێوەیە نییە کە بووەتە هۆی دروستکردنی گومان لەلای خەڵک، گوایە ئەو مۆزەی لە هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت مۆز نییە و پلانتاینە، بابەتەکە خۆی بۆ سۆشیاڵ میدیایە، بە شێوەیەکی نازانستی باسکراوە."
د. زێدا محەممەد، بە دووری نازانێت، میوەی پلانتاین لە هەرێمی کوردستان هەبێت، بەڵام دەڵێت: "ئەوەی لە کوردستاندا هەیە مۆزە، ناکرێت گومان لەلای خەڵک دروستبکرێت لەسەر بنەمایەکی ناڕاست، رەنگە ئەو بەرهەمەی دیکە هەبێت، بەڵام کەمە و بەناوی مۆزیشەوە نافرۆشرێت."
بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دەڵێت، بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەن. دەشڵێت: "دەبێت سەرەتا ئەو بابەتە یەکلایی بکرێتەوە، چونکە بەو شێوەیە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاریی نادروست و ناتەواو باش نییە."
رۆژی دووشەممە، لەشکر حەمید، ئەندازیاری خۆراک و سەرۆکی پێشووی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ئەو بابەتەی ورووژاند، ئەوەش دوای ئەوەی لە ڤیدیۆ گرافیکێکدا گوتی: "لە هەرێمی کوردستان بەرهەمێک بەناوی پلانتاینەوە بەناوی مۆزەوە دەفرۆشرێت، کە لە مۆز جیاوازە".
لەشکر حەمید باسی جیاوازی نێوان مۆز و پلانتاین دەکات و دەڵێت: "مۆز بەهایەکی بەرزی خۆراکی هەیە، رێژەیەکی زۆری ڤیتامین و کانزاکانی تێدایە و درێژییەکی شەش ئینج (15 سانتیمەتر) زیاتر نییە، بەڵام ئەو بەرهەمی دیکە ناوی پلانتاینە و درێژییەکەی 12 ئینج دەبێت، تامی تفتە و شیرین نییە، تام و چێژی نییە، راستە زیانی نییە و بەهای خۆراکیی بەرزە، بەڵام راستەوخۆ ناخورێت و دەبێت پارچە پارچە بکرێت و لە رۆندا سووربکرێتەوە و دواتر بخورێت."
بە گوتەی ئەو ئەندازیارەی خۆراک، نرخی پلانتاین لە مۆز هەرزرانترە، بەڵام لە بازاڕەکان بەناو و نرخی مۆزەوە دەفرۆشرێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ماوەی 48 کاژێری رابردوودا قسەی زۆر لەبارەی مۆز و جۆرەکەی دیکە کە پێی دەگوترێت "پلانتاین" کرا. بەشێکی خەڵکی بە تەنزەوە دەیاننووسی "یەکێک تێمان بگەیێنێت.. ئەرێ بەڕاست ئەوەی چەند ساڵە خواردوومانە مۆزە بووە یان پلانتاین."