پاسپۆرتی ھەولێر: کێشەی نەمانی دەفتەری پاسپۆرت چارەسەرکرا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی ھەولێر دەڵێت، کێشەی نەمانی دەفتەری پاسپۆرت چارەسەرکراوە، پێویستە تاوەکو 15ی حوزەیرانی ئەمساڵ 500 هەزار دەفتەر چاپ بکرێت و بۆ سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بنێردرێت.
رۆژی سێشەممە 28-03-2023، عەمید ئارام بورھان، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی ھەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای ئەوەی پەیوەندییان بە بەڕێوەبەری باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگەیی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کرد، پێیڕاگەیاندوون کێشەی نەمانی دەفتەری پاسپۆرت چارەسەرکراوە.
عەمید ئارام بورهان گوتیشی، لە رۆژی دووشەممە 27ی ئەم مانگە تاوەکو 15ی حوزەیرانی ئەمساڵ 500 هەزار دەفتەری پاسپۆرت چاپ دەکرێت و رۆژانە بۆ پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەنێردرێت.
بە گوتەی بەڕێوەبەری پاسپۆرتی ھەولێر، لەو ماوەیەی کە کێشەی نەبوونی دەفتەری پاسپۆرت هەموو عێراقی گرتەوە، نزیکەی 28 هەزار هاووڵاتی لە بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی هەولێر مامەڵەیان کردووە و بۆ لەمەودوا کە دەفتەریان بەدەست دەگات بە پلەبەندی دەفتەر بە هەموو ئەو هاووڵاتییانە دەدرێت.
عەمید ئارام بورهان گوتیشی، ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەویت پاسپۆرت دەربهێنن دەتوانن سەردانیان بکەن و لەماوەی 48 کاژێر مامەڵەیان رایی دەکرێت.
نزیکەی سێ مانگ دەبێت نوێکردنەوە و دەرهێنانی پاسپۆرت بەهۆی نەبوونی دەفتەری پاسپۆرتەوە راگیراوە، ژمارەیەکی کەم هەیە بۆ ئەوانەی کە زۆر پێویستن وەکو نەخۆش و خوێندکار و کەسانی دیکە و لەو کاتەی کە پێویستیان بە نوێکردنەوە یان دەرهێنانی پاسپۆرت هەبێت بۆیان دەکرێت.
ریاز کەعبی، بەڕێوەبەری باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی، کێشەی نەبوونی دەفتەری پاسپۆرت لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق کۆتایی هاتووە و هاووڵاتییان دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکان بکەن بۆ وەرگرتنی پاسپۆرتەکانیان.