لێدوانی پێنتاگۆن بۆ رووداو لەبارەی سەردانەکەی مەسرور بارزانی
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا- پێنتاگۆن بە رووداوی گوت، ئەوان بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندی دوو قۆڵی ئاسایش و هاوئاهەنگی زیاتر لەبارەی پرسە گرنگەکانی ئێستا و داهاتوو لەگەڵ مەسرور بارزانی و شاندەکەی کۆدەبنەوە.
لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و شاندی یاوەریان لە پێنتاگۆن لەگەڵ بەرپرسانی داڕێژەری سیاسەتی وەزارەتی بەرگری کۆدەبنەوە.
سەبارەت بەو کۆبوونەوانە، گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، “ئێمە بەشێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ سەرکردە هاوبەشەکانمان کۆدەبینەوە بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندی دووقۆڵی ئاسایش و هاوئاهەنگی زیاتر لەبارەی پرسە لەپێشینەکانی ئێستا و داهاتوو”.
دوێنێ سێشەممەش، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ سێناتۆر جاک رید، سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا- سینات و سێناتۆر رۆجەر ویکر، ئەندامی باڵای لیژنەکە کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنیی ئارامی، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە.
مەسرور بارزانی سوپاسی هاوکاری و پشتیوانیی ئەمریکای کرد و جەختی لە رێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدراڵی هەرێمی کوردستان کردەوە. سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکاش پێزانینی خۆی بۆ خەبات و قوربانیدانەکانی پێشمەرگە و گەلی کوردستان دەربڕی.
هاوکات هەر رۆژی سێشەممە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە دامەزراوە، پەیمانگەی سیاسەت، هزر و لێکۆڵینەوەی ئەمریکی کۆبووەوە و دواتر لە مێزگردێکی تایبەتدا لە واشنتن رایگەیاند، پێویستە هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
مەسرور بارزانی، سەرەتا کە گەیشتە واشنتن چاوی بە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کەوت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی نێوان مەسرور بارزانی و ئەنتۆنی بلینکن بڵاوکردەوە و دەڵێت، جەختیان لە گرنگی هاوبەشیی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وەزیری دەرەوە [بلینکن] و سەرۆکوەزیران [مەسرور بارزانی] لە چوارچێوەی پابەندبوونی هاوبەش و ماوەدرێژ بە ئاسایشی ناوچەکە و بەها هاوبەشەکان، لەوانەش بەڕێوەبردنی باش و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، جەختیان لە گرنگی هاوبەشیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق کردەوە".
راگەیێندراوەکە دەڵێت، "وەزیری دەرەوە پاڵپشتی خۆی بۆ هاوئاهەنگی بنیادنەرانەی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڕبڕی، هەروەها پاڵپشتی خۆی دەربڕی بۆ یەکڕیزییەکی زیاتر لەنێو هەرێمی کوردستانی عێراق، بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیری، خۆشگوزەرانیی ئابووری بۆ هەموو گەلی عێراق".
رۆژی یەکشەممە، 25-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتن و بڕیارە چەند کۆبوونەوەیەکی دیکەشی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا هەبن.