لە کەرکووک سوپای عێراق رێگری لە کارکردنی جووتیارانی کورد دەکات و بەڵێننامەیان پێ پڕدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هامەر و ئۆتۆمبێلی هێزەکانی سوپای عێراق بەسەر کێڵگەی کشتوکاڵی جووتیارانی کورد لە سەرگەڕانی پارێزگای کەرکووک دەسوڕێنەوە، بیری ئاوەکان دەکوژێننەوە و رێگری لە کارکردنیان دەکەن.
کاتێک جووتیاران ئەو هێزانە دەبینن، دەکەونە پەیوەندیکردن لەگەڵ جووتیارەکانی دیکە تاوەکو تووشی کێشە نەبن لە هاتنی هێزەکە ئاگاداریان دەکەنەوە.
تەنیا ئەوکاتە نا کە پەیامنێری رووداو لەگەڵ جووتیارانی سنووری سەرگەڕان بوو، بەڵکو پێشتریش وەک لە چەند گرتە ڤیدیۆییەکدا دەردەکەوێت، هێزێکی زۆری سوپای عێراق لە گابەڵەک چووبوونە سەر زەوی و زاری جووتیاری کورد.
بەدرەدین شەمسەدین، جووتیارێکی گوندی گابەڵەکە و دەڵێت: دوو ئۆتۆمبێل رۆیشتن هامەرێک و پیکابێک بوون کە پڕبوون لە سەرباز، بۆ کوژاندنەوەی ئەو بیر و مەڕەشانەیە کە ئێمە دەغڵەکانمانی پێ ئاو دەدەین، یەکدی ئاگاداردەکەینەوە، چونکە ئەوان کات و ساتیان نییە، بە شەو و رۆژ و کاتی نان خواردن و هەر کاتێک بێت دێن.
هێزەکان تەنیا بە کوژاندنەوەی بیرەکان ناوەستن، جووتیارانیش دەستگیر دەکەن و بەڵێننامەیان پێ پڕدەکەنەوە.
محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان گوتی، "ئامانجیان دەرکردنی خەڵکەکەیە، لە ماوەی 10 رۆژدا 15 بۆ 20 کەسیان دەستگیرکردووە."
جووتیارانی کورد دەڵێن، بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە سەردانی هێزەکانیان کردبوو، بەڵام سوودی نەبووە، ئەوەیان زانیوە کە ئەم رێگریانە لەسەر داوای هاوردەکانە.
لەسەر ئەو رێگریانەی سنووری کەرکووک جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پرسەکەی گەیاندووەتە لای سەرۆکوەزیران.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "من دوێنێ شەو ناویم هێنا و گوتم بەرپرسی فیرقەی هەشت رێگریی دەکات، سەرۆکوەزیران[ی عێراق] ئەوەندە پێی گرنگ بوو شەو خۆی تەلەفۆنی کردەوە، هێشتا لەسەر هێڵە و لایەنەکانی راسپاردووە ئەو پرسە کۆتایی پێبێت، تەنانەت وێنەی چوونی سوپام پێدا کە دەچنە سەر جووتیاران کە دەیانەوێت کارەکانیان پێڕابگرن، گوتم ناکرێ من هەموو رۆژێک پەیوەندی بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانەوە بکەم و هێزەکان بکشێنێتەوە و دواتر بچنەوە، گوتم دەبێت ئەمە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکرێت."
سنووری سەرگەڕان جیا لەوەی ناوچەیەکی بەپیتی کشتوکاڵییە، هاوکات حەوزێکی گەورەی بەرهەمهێنانی نەوتییە کە زیاتر لە 200 بیرە نەوتی تێدایە؛ خەڵکی سنوورەکە هەر ئەوەش بەهۆکاری ئەم هەوڵە چڕەی هاوردەکان دەزانن کە بەردەوام لە هەوڵی زەوی و زاری کوردن.