پۆلیسی هەڵەبجە: لە کاتی چوونی بۆ مزگەوت تەقە لە هاونیشتمانییەک کرا و گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پولیسی پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت، ئێوارەی ئەمڕۆ تەقە لە هاونیشتمانییەک کراوە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا و بۆ دۆزینەوەی "بکوژ"یش تیمێکی پۆلیسی و ئاسایش دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
رۆژی یەکشەممە، 28-01-2024، موقەدەم بەرزان عوسمان محەممەد رایگەیاند، رووداوەکە کاژێر 06:45ـی ئێوارەی ئەمڕۆ روویدا؛ ئەو هاونیشتمانییە تەمەنی 85 ساڵ بوو و دانیشتووی گەڕەکی گوڵان لە هەڵەبجە بوو.
ئەو هاونیشتمانییەی تەقەی لێکراوە ناوی عەلی ئەورەحمان قادرە و بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پۆلیسی هەڵەبجە، لەکاتی چوونی بۆ نوێژی عیشا لە بەردەم مزگەوتی گوڵان لەلایەن "چەکدارێکەوە" تەقەی لێکراوە و بریندار کراوە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەڵەبجە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە دەڵێت، تەرمی هاونیشتمانییەکە رەوانەی پزیشکی دادی هەڵەبجە دەکرێت و دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە لە بنکەی پۆلیسی هەڵەبجە کراوەتەوە و تیمێکی هاوبەشی پۆلیس و ئاسایش لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن بۆ دۆزینەوەی "بکوژی" هاونیشتمانییەکە.