لە چەند گەڕەکێکی نێو شاری هەولێر نەوت دابەشدەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

لە سەنتەری شاری هەولێر دابەشكردنی نەوتی سپی دەستیپێکردووە و نرخی هەر بەرمیلێک 90 هەزار دینارە.
 
مەریوان نوورەدین، فەرمانبەرێکە و لە کاتی وەرگرتنی نەوت دەڵێت، "پێویست بوو لەسەر حکومەت لە مانگی 10 نەوتی هاووڵاتیی دابینبکردایە، ئەگەر نرخەکەی 90 هەزار یان هەرچەندێک بێت، سەبارەت بە نرخەکەش، ئەگەر بێبەرامبەریش بیاندابا پێمان حەزمان دەکرد، بەڵام 55 هەزارەکە بەلای منەوە شتێکی باش بوو، بەپێی ئیمکانیەتی خۆم من ئێستا ئەم بەرمیلە لەگەڵ کەسێکی دیکە رێککەوتووم من توانای تەنها نیو بەرمیلم هەیە، نیوەکەی دیکەم دا بە ئەو".
 
میران حەمید، کاسبکارێکە و دەڵێت، داوی حەوت ساڵ "ئەوە یەکەم بەرمیل نەوتە وەریدەگرم لەگەڵ ئەوەشدا بە راستی تێبینیمان لەسەر نرخی نەوتەکە هەیە کە 90 هەزارە، بە راستی زۆرە".
 
لە کاتی دابەشکردنی نەوتی سپیی حکومی، بازاڕی ئەو کەسانە گەرم دەبێت کە کڕین و فرۆشتن بە نەوت دەکەن، ئەوان دەڵێن بەشێکی زۆری خەڵک لەبەر گرانیی نرخەکەی ناتوانن وەریبگرن.
 
سامی سەباح، فرۆشیارێکی نەوتی سپی دەڵێت، نزیکەی 10 بۆ 15 خێزانی بینیوە کە سێ فۆرمی وەرگرتنی نەوتی هەبووە، بەڵام پارەی نەبووە کە بیکڕی، بۆیە دوو دانەیانی بە ئەوان فرۆشتووەتەوە. 
 
بڕی ئەو نەوتەی دەدرێ بە هەر خێزانێک 200 لیترە. نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ ناوچە شاخاوییەکان و دەوروبەری هەولێر  55 هەزار دینارە، چونکە نەوتەکە نەوتی سپیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام بۆ سەنتەری هەولێر بۆ هەر بەرمیلێک 90 هەزار دینار وەرگیراوە و نەوتی حکومەتی عێراقی بووە.
 
سەردار سلێمان، سەرپەرشتیاری لیژنەکانی دابەشکردنی نەوتی سپی لە هەولێر دەڵێت، "ئێمە ساڵانە بە سێ قۆناخ دەستپێدەکەین، ناوچە شاخاوی و دەوروبەری ناوشارمان هەیە، هەمیشە هەموو ساڵێک پێشینە دەدەینە شاخاوییەکان، هەموو ساڵێک وەریانگرتووە بەس نەک وەک هەولێر و دەوروبەری کە وەریاننەگرتووە چەند ساڵێکە، شاخاویمان لە چواری مانگی 10ی 2021 دەستیپێکرد و لە 10ی یەکی ئەمساڵ تەواوبوو لەدوای ئەوە دەستمان بە دەوروبەری هەولێر کرد".
 
لە سنووری  پارێزگای هەولێر 30 بنکە و بریکار هەن، بڕی پێویستی نەوت بۆ ناو شاری هەولێر زیاتر لە 44 ملیۆن لیترە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1 ملیۆن و 500 هەزار نەوت دابەشکراوە بۆ دەوروبەری هەولێریش زیاتر لە 18 ملیۆن لیترە نزیکەی ٪60 دابەشکراوە و بۆ ناوچە شاخاوییەکانیش 29 ملیۆن لیتر و بەتەواوی دابەشکراوە.