قایمقامی خۆی تابلۆیەکی کوردیی شارەوانیی کۆتۆل لادەبات

رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی شاری خۆی لە باکووری پارێزگای ورمێ تابلۆیەک لە رێگەی سەرەکیی شارۆچکەی کۆتۆل لادەبات کە شارەوانیی شارۆچکەکە بۆ بەخێرهاتنی خەڵک بە زمانی کوردی داینابوو.
 
رۆژی (پێنجشەممە، 26-12-2024)، بە بڕیاری حوسێن عەباسی، قایمقامی شاری خۆی ئەو تابلۆیە لابرا کە رۆژی چوارشەممە لەلایەن شارەوانیی کۆتۆل داندرابوو و بە کوردی لەسەری نووسرابوو "بخێر هاتن باژارێ کۆتۆلێ". ئەو رستەیە بە رێنووسی کوردی لاتین و هەروەها فارسیش لەسەر تابلۆکە نووسرابوو. 
 

تابلۆکە بە بڕیاری سولەیمان مامە، سەرۆکی شارەوانیی کۆتۆل داندرابوو. سولەیمان مامە، خەڵکی بۆکانە و رۆژی 12-02-2023، وەکو سەرۆکی شارەوانیی کۆتۆل دەستنیشان کرا. 
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لابردنی تابلۆکە ناڕەزایەتی خەڵکی کۆتۆلی لێکەوتووەتەوە و سەرۆکی شارەوانیی کۆتۆل بە کەسایەتی و چالاکڤانانی شارەکەی گوتووە، نووسین و دانانی تابلۆ لە دەسەڵاتی شارەوانی دایە و هەوڵدەدەن جارێکی دیکە تابلۆکە دابنێنەوە.
 
شارۆچکەی کۆتۆل دەکەوێتە ناوچەی کۆتۆل لە باکووری پارێزگای ورمێ و پێنج کیلۆمەتر لە سنووری باکووری کوردستان دوورە. کۆتۆل سەر بە شاری خۆیە. سەرجەم دانیشتووانەکەی کوردن، بەڵام بەشێک لە دانیشتووانی شارەکە ئازەریین
 
بەپێی سەرژمێری ساڵی 2016، شارۆچکەی کۆتۆل نزیکەی هەزار و 200 ماڵە و زیاتر لە پێنج هەزار دانیشتووی هەیە.