رووداو بەدواداچوون بۆ کێشانی ڤەیپ لەنێو منداڵ و مێرمنداڵان دەکات؛ ئەنجامەکەی شۆکهێنەرە

رووداو دیجیتاڵ

مێرمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵ ماوەی ساڵێکە فێری ڤەیپکێشان بووە، ئەو و هاوڕێ 14 ساڵانەکەی دوو لەو دەیان مێرمنداڵانە بوون لەکاتێکدا تیمی رووداو خەریکی بەدوواداچوون بوون بۆ دۆسیەی ڤەیپکێشانی منداڵ و مێرمنداڵان، هاتنە نێو دووکانێک و داوای جۆرەکانی ڤەیپیان کرد.
 
بێ لێپرسینەوە لەوەی ڤەیپ بۆ تەمەنی ئەو گونجاو نییە، دووکاندار 15 هەزار دیناری لەو مێرمنداڵە وەرگرت و ڤەیپەکەی پێدا.
 
مێرمنداڵە ڤەیپکێشەکە قسەی بۆ رووداو کرد و باس لەوە دەکات، ماوەی ساڵێکە و لە هاوڕێکانییەوە فێری ڤەیپکێشان بووە، ئەو گوتی "لە مارکێت هەیە و لە هەندێک شوێن کە تایبەتن بە نێرگەلە دەیکڕم. من بۆ خۆم زیاتر لەو شوێنانەی تایبەتن بە ڤەیپ و نێرگەلە ڤەیپ دەکڕم. لە مارکێتیش دەیکڕم و ئاسان دەمدەنێ، پرسیارم لێناکەن و هەر بە ئاسایی دەمدەنێ."
 
لە هەرێمی کوردستان بڕیاری سەر کاخەز هەیە کە فرۆشتنی ڤەیپ بە کەسانی تەمەن کەمتر لە 18 ساڵ قەدەخەیە، بەڵام بە کردار پێچەوانەکەی دەبینی. ئەم دیمەنانەی لەم راپۆرتەدا دەیبینن، ئەنجامی یەک مانگ بەدواداچوونی رووداوە.
 
دووکاندارێکی فرۆشتنی ڤەیپ و نێرگەلە، کە لە 2007ـەوە ئەم کارە دەکات هەفتانە تەنیا لە فرۆشتی ڤەیپی دوو ملیۆن دیناری دەستدەکەوێت.
 
ئەو خاوەن دووکانەی نێرگەلە و ڤەیپ باسی ئەوە دەکات "هەموو حکومەتی هەرێم ئەگەر ئەوەی (ئەو ڤەیپەی) پێ قەدەخە کرا، بەڵێن بێت سەری خۆم کەچەڵ دەکەم! چونکە هیچ سانسۆرێک نە لە فڕۆکەخانە و نە لە گومرگ نییە".
 
ئەو خاوەن دووکانەی نێرگەلە، گوتەی شۆکهێنەر باس دەکات و دەڵێ "بێ سانسۆری ئەو وڵاتەی ئاوا لێکردووە! دەیان جار ئافرەت هاتووەتە ئەم دووکانە و گوتوویەتی 'کاکە ڤەیپێک بدە بەو منداڵە با بخافڵێ.' منداڵ هاتووە گوتوویەتی 'تەلەفۆن بۆ دایکم بکە و ڤەیپێکم بدەیە' منیش تەلەفۆنم بۆ دایکی کردووە و گوتوویەتی 'کاکە بەس تاوەکو لە ماڵەوە داکەوێ ڤەیپێکی بدەیە'.'' 
 
خاوەن دووکانەکە نایشارێتەوە "چەندین مامۆستا هەن، دێنە ئێرە و ڤەیپ دەکڕن، دەیبەن لە قوتابخانە دەیفرۆشنەوە. ئەوەندەی خێر لە منداڵ هەیە لە پیاوی گەورە نییە، چونکە پیاوی گەورە دەزانێ چۆن پارە تەرتیب دەکات، خۆ حکومەتیش ئامادە نییە کەسێک بنێرێت چاودێریمان بکات و بزانێت دەیفرۆشینە کێ یان نایفرۆشینە کێ.''
 
ئەو ڤەیپانەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەن، لە وڵاتەکانی چین و تورکیا و ئێرانەوە هاوردەدەکرێن. نرخەکانیشیان لە 1000 دینار تاوەکو نزیکەی 100 هەزار دینارە.
 
هەر هاونیشتمانییەک لە هەرێمی کوردستان کە بییەوێت ڤەیپ بکڕێ، مەرج نییە بڕوات بۆ دووکانی تایبەت بە ڤەیپ و نێرگەلە، بەشێکی زۆر لە مارکێتەکانیش لە پشت و بەردەمی کاشێرەکانیان ڤەیپیان نمایشکردووە.
 
گەنجێک کە خاوەنی مارکێتێکە لە هەولێر، قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ "جاری وا هەیە، منداڵی بچووک دێت (بۆ ئەوەی ڤەیپ بکڕێت) من نایاندەمێ، حەوت ساڵ، هەشت ساڵ و 10 ساڵی تێدایە. دوو قوتابی هەن دەیانناسم، هەفتەی دوو بۆ سێ جار دێنە لام دەیکڕن و لە قوتابخانە دەیکێشن." 
 
ئێستا هەڵمەتێک لە جیهاندا دژی جگەرە و ڤەیپ دەستیپێکردووە، ئوسترالیا بەنیازە لە سەرتای ساڵی داهاتووەوە ڤەیپی سەفەری قەدەخە بکات، هەروەها نیوزلاند پلانێکی وردی راگەیاندووە بۆ قەدەخەی فڕێدانی جگەرە و ڤەیپ.