لە مانیسا 10 کەس بە تۆمەتی ئەندامێتیی پەکەکە دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە پارێزگای مانیسای تورکیا 10 کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، دەستگیرکران.
ئۆپەراسیۆنەکە رۆژی سێشەممە، 26ـی کانوونی یەکەمی 2023 لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی مانیسا بەڕێوەچوو، دوای ئەوەی بە تۆمەتی ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ 10 کەس دەرکرد.
بە گوێرەی داواکاری گشتیی مانیسا ئەو 10 کەسەی فەرمانی گرتنیان بۆ دەرکراوە و یەکێکیان هاووڵاتییەکی بیانییە. داواکاری گشتیی مانیسا دەڵێت، "ئەو کەسانە پێشتر لە دەرەوەی تورکیا چالاکی سەربازییان کردووە و لە رێگەی سۆشیاڵمیدیاوە بانگەشەیان بۆ پەکەکە کردووە."
تیمەکانی هۆبەی دژەتیرۆری سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی پارێزگاکە لە چوارچێوەی بڕیارەکەدا هەڵیانکوتایە سەر چەندین ناونیشان و ئەو 10 کەسە داواکراوەکەیان دەستگیرکرد. دەستگیرکراوەکان گوازراونەتەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی مانیسا و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی 08-12-2023 لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە شارۆچكەی ئاکدەنیز سەر بە پارێزگای مێرسین لە تورکیا، پێنج کەس بەتۆمەتی ئەندامێتیی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە دەستگیرکران.