ئاگر لە باڵەخانەی یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە هەولێر کەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر رایگەیاند، ئاگرێکی "گەورە" لە شووقەیەکی ئیسکان تاوەرز کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە چەند کەسێک لە نێو ئاسانسۆردا گیریان خواردووە.
رۆژی چوارشەممە، 27-12-2023، کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاگرێکی گەورەمان لە نهۆمی 17ـی شووقەیەکی ئیسکان تاوەر هەیە و تیمەکانمان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە."
بە گوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئاگادارکراونەتەوە کە لە نێو ئاسانسۆرەکاندا "خێزان هەن گیریان خواردووە"، چونکە پێ دەچێت بەهۆی ئاگرەوەکە کارەبای ئەو یەکەیە کوژێنرابێتەوە.
کاروان میراودەلی گوتیشی، نازانن هۆکاری ئاگرەکە چییە و ئاگاداریش نین هیچ خێزانێک لە نێو ماڵەکەدا هەیە یاخود نا. دەشڵێت، "مانگی رابردووش لە شووقەیەکی دیکەی ئیسکان تاوەرز ئاگرکەوتووەتەوە."