بەڕێوەبەری پەروەردەی رانیە: لە بەشێکی قوتابخانەکاندا هەر پۆلێک 48 قوتابی تێدایە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پەروەردەی رانیە دەڵێت، کێشەی زۆرمان لە کەرتی پەروەردەدا هەیە و گوشارێکی زۆر لەسەر قوتابخانەکانە. بۆ 60 هەزار و 528 قوتابی تەنیا 193 ناوەندی خوێندنمان هەن.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2024)، ئومێد تۆفیق، بەڕێوەبەری پەروەردەی رانیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کێشەی زۆرمان لە کەرتی پەروەردەدا هەیە، باڵەخانەمان کەمە و گوشارێکی زۆر لەسەر قوتابخانەکان هەیە و کارگوزار و مامۆستاشمان کەمە، قوتابخانە هەیە لەنێو رانیە 48 قوتابی لە پۆلێکدان و سێ دەوامییە؛ کە بەکۆی گشتیی 1603 خوێندکار تێیدا دەخوێنن، جگە لەوەی هەر لە سەنتەری رانیە دوو خوێندنگەمان هەن کە کابینەن."
بەڕێوەبەری پەروەردەی رانیە گوتی، "193 ناوەندی خوێندن لە رانیە هەن، کە 60 هەزار و 528 قوتابی تێیدا دەخوێنن، جگە لەوەی لە سەنتەری رانیە بۆ 52 گەڕەک تەنیا 6 باجچەی منداڵانمان هەن. بە سەرجەمی ئەو ناوەندانەی خوێندنیشەوە تەنیا 48 کارگوزارمان هەن و ئەوەش کێشەیەکی دیکەمانە؛ هەر لەبەر ئەوەشە زۆربەی قوتابخانەکان شەوان هیچ پاسەوانێکیان نییە."
سەبارەت بە گەیاندنی داواکارییەکانیان و وەڵامی حکومەت، ئومێد تۆفیق ئاماژەی بەوەکرد، "چەندین ساڵە بە نووسراو داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کێشەکانی کەرتی پەروەردەمان بۆ چارەسەر بکات، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێکی پێویستمان نەدراوەتەوە. بۆ ئەم وەرزەی خوێندن 25 مامۆستای نوێمان پێویستە، هەر ئەم ساڵ دوو جار بە نووسراو داوامان لە وەزارەتی پەروەردە کردووە، مامۆستای وانەبێژمان بۆ بنێرێت، بەڵام پێمان دەڵێن وەرگرتنی وانەبێژ راگیراوە و میلاکات رێکدەخەینەوە."
دوێنێ ژمارەیەکی زۆر لە بەڕێوەبەرانى قوتابخانە و خوێندنگەى سنوورى بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى رانیە، واژۆیان بۆ رەتکردنەوە و کارپێنەکردن بە پڕۆژەی (پەرەپێدانی تواناکان- بریتش کاونسڵ) کۆکردەوە. بەڕێوەبەری پەروەردەی رانیە لەوبارەیەوە گوتی، "ئەو بەڕێوەبەرانە گلەییان لە کەرتی پەروەردە هەبووە و دەڵێن کاری لەپێشینە باشکردنی کەرتەکەیە نەک پڕۆژەی لاوەکی، بەڵام نە ئێمە و نە بەڕێوەبەرانیش ناتوانین ئەو پڕۆژەیە رەتبکەینەوە، پێویستە دانیشین و لێکتێگەیشتنمان هەبێت بۆ ئەو بابەتە."
پڕۆژەى پریتش کاونسڵ یان پەرەپێدانى تواناکان، لە ساڵى 2019ـەوە لە قوتابخانە حکومییەکان دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و ئەرکى مامۆستایان و بەڕێوەبەرەکان دیارى دەکات.