گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی عێراق: 4.5 ملیۆن مووچەخۆر و خانەنشین لە عێراقدا هەن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق دەڵێت، 4.5 ملیۆن مووچەخۆری شارستانی لە عێراقدا هەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو کەسانە دادەمەزرێنن کە دەرچووی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانن، بەڵام بەو مەرجەی دانیشتووی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بن.
رۆژی چوارشەممە،27-11-2024، سەعد لامی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "وەزارەتى تەندروستى 8 هەزار و 200 پلەى وەزیفی دادەمەزرێنێت. ئێستا لە چاوەڕوانیى تەرخانکردنى پارەداین لەلایەن وەزارەتى داراییەوە و دوای ئەو قۆناخە، پرۆسەى دامەزراندنیان بۆ دەکەین".
لەبارەی دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان، سەعد لامی گوتی، "پرسی دامەزراندنى یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان ئەوانەشمان خستە نێوی کە لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان خوێندوویانە، بەڵام بەو مەرجەى دانیشتووى دەرەوەى هەرێمى کوردستان بن".
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی سەعد لامی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق
رووداو: لە حکومەتی عێراق چەند فەرمانبەر و خانەنشین هەن؟
سەعد لامى: سڵاو لە ئێوە و لە کەناڵە بەڕێزەکەتان. بە دڵنیاییەوە قسەکردن لەبارەى ژمارەى وردى فەرمانبەران لە کەرتى گشتى حکومى لە دەوڵەتى عێراقیدا ناکرێت بەشێوەیەکى تەواو بزانرێت، بەتایبەت لەبەر ئەوەى کە پرۆسەى دامەزراندن و خانەنشینکردن و دەستلەکارکێشانەوە بە هۆکارى جیاواز رۆژانە روودەدات، بەڵام بەگوێرەى ژمارەیەکى نزیکەیی، ژمارەى ئەوانەى لە کەرتى کارگێڕیى حکومەت کاردەکەن زیاتر لە دوو ملیۆن و پێنج سەد هەزارە؛ هەروەها ژمارەى خانەنشینانیش دەگۆڕدرێت، لەبەر ئەوەى خانەنشینکردن وەک ئەوەى پێشتر باسم کرد، رۆژانە دەگۆڕدرێت، لەگەڵ روودانى گۆڕانکارى خانەنشینکردن یان دەستلەکارکێشانەوە، هەموویان گۆڕانکاریان تێدا روودەدات.
رووداو: بە خەمڵاندنیش بێت دەتوانین بزانین ژمارەی خانەنشینان لە عێراق چەندە؟
سەعد لامى: وەک ئەوەى کە پێم گوتیت، ئەگەر هەیە بگاتە دوو ملیۆن؛ مەبەستم خانەنشینانە بە لایەنى کەمەوە لە ساڵى 2004 یان 2005ەوە.
رووداو: واتە چوار ملیۆن و نیو فەرمانبەر و مووچەخۆر لە عێراق هەن. ئەوە تەنیا کەرتی شارستانییە یان سەربازی؟ ژمارەی سەربازان چەندە؟
سەعد لامى: نەخێر، بە دڵنیاییەوە ئێمە تەنیا باس لە کەرتى سڤیل دەکەین. ئەوەى پەیوەندیدارە بە کەرتى سەربازییەوە، ئێمە ئامارێکمان لەبارەیەوە نییە. ئامارێکى ورد نییە بۆ ژمارەى ئەو کەسانەى لە دەزگا ئەمنییە جیاوازەکان کاردەکەن. هەروەها ئەوەت بیر نەچێت، کەسانێک هەن کە مووچە لە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى وەردەگرن کە بە چاودێریی کۆمەڵایەتى ناودەبردرێت؛ ئەوەش رەنگە ژمارەکە بگەیێنێتە سێ ملیۆن کەس کە مانگانە مووچە وەردەگرن وەک هاوکارى کۆمەڵایەتى.
رووداو: ئەوانەی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن 500 هەزار کەس دەبێت یان زیاترن؟
سەعد لامى: نەخێر، ژمارەکە ناگاتە ئەوەندە. زۆرترین بڕى پارە کە ئەوانەى چاودێریى کۆمەڵایەتى دەیانگرێتەوە 240 یان 250 هەزار دینارە، ئەوەش بە گوێرەى ژمارەى ئەندامانى خێزانەکە.
رووداو: مەبەستم ئەوانەی مووچەکە وەردەگرن، نەوەک بڕی مووچەکەیان.
سەعد لامى: ئەوانەى کە چاودێریى کۆمەڵایەتى دەیانگرێتەوە؟
رووداو: بەڵێ؛ بەڵێ.
سەعد لامى: نەخێر 500 هەزار نییە؛ دەگاتە زیاتر لە سێ ملیۆن کە مانگانە مووچەى چاودێریی کۆمەڵایەتى وەردەگرن. ئەوە جگە لەوانەى قەرزیان وەرگرتووە بۆ پڕۆژەى بچووک کە بە قەرزى پڕۆژەى بچووک ناودەبردرێت.
رووداو: کەواتە لە عێراق سێ ملیۆن کەس مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی وەردەگرن. زیاتر لە 2.5 ملیۆن کەس فەرمانبەرن و زیاتر لە 2 ملیۆن خانەنشین هەن. وایە؟
سەعد لامى: بەنزیکەیی، ئەم ژمارانە وەک ئەوەى لە پێشەکییدا پێم گوتى ژمارەى نزیکەییە نەوەک ژمارەى 100% کە ورد بێت. ئەوە ژمارەى خەمڵێندراوە و لەگەڵ گۆڕانکارییەکانى رۆژدا دەگۆڕدرێت. لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوە، دوورخستنەوە، خانەنشینبوون و دامەزراندندا ئەو ژمارەیە دەگۆڕدرێت.
رووداو: هیچ زانیارییەکت لایە سەبارەت بە مووچەخۆرانی کەرتی سەربازی یان ئەوە پەیوەندی بە ئەنجوومەنی راژەوە نییە؟
سەعد لامى: نەخێر، هەرگیز. ئەنجوومەنى راژەى فیدراڵى بەرپرس نییە لە ئامارى وردى کەرتى ئەمنى؛ هەروەها بەرپرسیارێتیى دامەزراندنیش لە دەزگا ئەمنییەکان لاى ئێمە نییە و بۆ ئەو ئەرکە رانەسپێردراوین. بەشێوەیەکى تایبەت مەبەستم لە وەزارەتى بەرگرى و ناوخۆیە.
رووداو: بە نزیککراوەییش نازانن چەندە؟ هیچ داتایەکیان نایەتە لای ئێوە؟
سەعد لامى: نەخێر، هەرگیز ناکرێت ژمارەیەک رابگەیێنم کە ئامارێکى وردم لەبارەیەوە نەبێت. لێت ناشارمەوە کە دامەزراندنمان لە هەندێک لە هێزە ئەمنییەکان کردووە، بەڵام من لێرەدا لە نێوان دوو کەوانەدا بەتایبەت باس لە وەزارەتى بەرگرى و ناوخۆ دەکەم کە ئامارى وردمان لەبارەیانەوە نییە لە ئەنجوومەنى راژەى فیدڕاڵى.
رووداو: ئەو پلە وەزیفییە سەربازییانە کامانەن لەلایەن ئێوە دادەمەزرێن؟
سەعد لامى: هەندێک لە هێزە ئەمنییەکان نەوەک هەموویان کە دامەزراندنمان تێیاندا کردووەتەوە، وەک ئەوەى لە یاسای بودجەى ژمارە 13ى 2023 هاتووە کە بە یاساى بودجەى گشتیى فیدراڵى سێ ساڵە ناسراوە کە تێیدا راژە بۆ هەندێک لە پلەى وەزیفى تەرخان کرابوو بۆ هەندێک لە هێزە ئەمنییەکان، بۆ نموونە راوێژکاریی ئاسایشى نەتەوەیی و دەزگاى دیکە.
رووداو: ژمارەی ئەو سەربازە ئەرکدارانە لەلایەن ئێوە دادەمەزرێن چەندە؟
سەعد لامى: ژمارەکە نەگەیشتووەتە زیاتر لە 500 کەس کە دامانمەزراندوون لەو دەزگایانە، ئەگەر هەیە کەمتر یان زیاتر بێت لەو ژمارەیە، بەڵام ئەمە ئەو ژمارەیە کە دەتوانین بڵێین 500 کەس بوون کە لەو دەزگایانە دامەزرێندراون.
رووداو: بودجەی مانگانەی مووچەخۆران چەندە بە شارستانی، خانەنشینان و بەو بەشە سەربازییەی کە ئێوە دایاندەمەزرێنن؟
سەعد لامى: ببوورە، ئەگەر من گوتبێتم 500 هەزار کەس، 500 کەسە نەوەک 500 هەزار کەس.
رووداو: 500 کەس نەوەک 500 هەزار کەس. دروستە؟
سەعد لامى: بەڵێ، راستە 500 کەس نەوەک 500 هەزار کەس.
رووداو: کۆی ئەو بودجەی مانگانە تەرخان دەکرێت بۆ مووچەخۆران بە چاودێریی کۆمەڵایەتی، فەرمانبەران و خانەنشینان چەندە؟
سەعد لامى: ئەگەر هەیە ژمارەکە، بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى بە من دەگات، مانگانە بگاتە زیاتر لە پێنج ملیار دینار کە پێویستمانە بۆ پارەدارکردنى بودجەى بەکاربردن بۆ مووچەى یەکە کارگێڕییەکانى دەوڵەت و لەوانەیە ئەو بڕە پارەیە هەرێمى کوردستانیش بگرێتەوە.
رووداو: پێنج ملیار دۆلار بەوانەی هەرێمی کوردستانیشەوە؟
سەعد لامى: لە سنوورى 5 بۆ 6 ملیار دینار.
رووداو: لە بودجەی 2023 و 2024دا حکومەتی عێراق چەند کەسی دامەزراندووە؟
سەعد لامى: لە یاسای بودجەى ژمارە 13 کە پێشتر باسم کرد و پێم گوتی کە هەندێک پلەى وەزیفى تێدایە، لەوانە دامەزراندن و تەواوکردنى دامەزراندنى 31 هەزار خاوەن بڕوانامەى باڵا و یەکەمەکان کە یاساکانى 59 و 76 دەیانگرێتەوە کە تایبەتن بە دامەزراندنى یەکەمەکان و خاوەنى بڕوانامە باڵاکان. ئەم یاسایە ساڵى 2017 لە پەرلەمان دەنگى لەسەر درا. لە یاساى بودجەدا باس لە دامەزراندنى 31 هەزار کەس کراوە کە یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکانن، هەروەها هەندێک لە گرێبەستەکانى چەند شوێنێک، بۆ نموونە وەزارەتى ناوخۆ 10 هەزار پلەى وەزیفى بۆ دیاریکراوە بۆ ئەوەى بە گرێبەست دابمەزرێندرێن. تێبینى بکە، ئەوە گرێبەستە نەوەک لەسەر راژەى هەمیشەیی؛ هەروەها وەزارەتەکانى بەرگرى و ناوخۆ بەرپرسن لە ئەنجامدانى گرێبەستەکان و جیاکردنەوە و دیاریکردنى ئەوانەى گرێبەستیان لەگەڵ دەکرێت؛ هەروەها نزیکەى 10 هەزار گرێبەست بۆ وەزارەتى پەروەردە هەبوون؛ 15 هەزار پلەى وەزیفى دیکەش هەبوون بۆ هەندێک لە پارێزگاکان کە لە دەسەڵاتى پارێزگارەکاندایە، ئەوەش لە چەند پسپۆرییەکى دیاریکراودا، وەک گرێبەستە نەوەک راژەى هەمیشەیی کە لە یاساى گشتى بودجەدا هاتووە، بەڵام لە خاڵى چوارى بڕگەى ئەلیفى مادەى 14 ى یاسای بودجە ئەمە هاتووە.
رووداو: چی دەڵێیت لەبارەی ئەو هەشت هەزار پلە وەزیفییەی وەزارەتی تەندروستی؟
سەعد لامى: باشە؛ تۆ دەزانیت یاسایەک هەیە بە ناوى دامەزراندن و خستنەسەرکارى خاوەن بڕوانامە پزیشکییەکان کە ژمارە شەشى ساڵى 2000ـە و چەندین گۆڕانکارى تێدا کراوە. بەم دواییە باس لە هەموارى چوارەم دەکرێت کە خوێندنەوەى یەکەم و دووەمى بۆ کراوە و لە چاوەڕوانى ئەوەدایە لە پەرلەمان دەنگى لەسەر بدرێت. لە چەند رۆژ و هەفتەى رابردوودا 29 هەزار کەس لە خاوەن بڕوانامە تەندروستی و پزیشکییەکان لە چەند پسپۆریەکى جیاواز لەلایەن وەزارەتى تەندروستییەوە هەڵبژێردراون، بەهۆى ئەوەى چەند دامەزراوەیەکى تەندروستى پێویستیان پێیان بوو، ئەوە سەرەڕاى ئەوەى زیاتر لە 28 هەزار کەسى دیکە ماون کە پێیانوایە مافى ئەوەیان هەیە دابمەزرێندرێن. لە نووسینگەى سەرۆکوەزیران لێکتێگەیشتن لەسەر راسپاردەیەک کرا بۆ کردنەوەى پلە وەزیفییەکان لە رێگەى فەرمانگەکانى سەر بە وەزارەتى تەندروستى کە هەشت هەزار و 200 پلەى وەزیفی نێردراوە. ئەو پلە وەزیفییانە لە چاوەڕوانیى تەرخانکردنى پارەدان لەلایەن وەزارەتى داراییەوە. ئەوە لەنێوان هەردوو وەزارەتى تەندروستى و دارایی ماوەتەوە. ئێمە لە ئەنجوومەنى راژە دواى وردبینیکردن لە زانیارییەکان، راستاندن بۆ پرۆسەى دامەزراندنیان دەکەین.
رووداو: ئەو ژمارانەی پلەی وەزیفی بۆ وەزارەتی تەندروستی، میلاکە یان گرێبەست؟
سەعد لامى: بەڵێ، بەڵێ، وەزارەتى تەندروستى
رووداو: کەمترین و بەرزترین مووچە لە عێراق چەندە؟
سەعد لامى: ئەم بابەتە جێگەى مشتومڕە، بەتایبەت کە زۆرێک لە فەرمانبەرانى کەرتى گشتى حکومى گلەیی ئەوە دەکەن کە جیاوازى زۆر هەیە لە مووچە لەنێوان چەند دامەزراوەیەک لەگەڵ چەند دامەزراوەیەکى دیکە. ئێمە لێرە باس لەو فەرمانگانە دەکەین کە پارەى تەرخانکراوى زیاتریان هەیە بەراورد بە فەرمانگەکانى دیکە. ئەو جیاوازییە لە مووچەى نێوان ئەو دامەزراوانە بێزارى زۆرى لەلاى فەرمانبەران دروست کردووە، بۆیە حکومەت و پەرلەمانیش گرنگى بەوە دەدەن خشتەى مووچەى فەرمانبەران هەموار بکەنەوە، بەشێوەیەکى گشتى کەمترین مووچە بۆ فەرمانبەرانى عێراق 500 هەزار دینار و زۆرترین مووچە دەگاتە دوو ملیۆن دینار یان ئەگەر هەیە زیاتر بێت لە دوو ملیۆن دینار.
رووداو: ئەنجوومەنی راژەی عێراق هیچ دەرفەتێکی نییە بۆ دامەزراندنی دەرچووە یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان؟ حکومەتی عێراق ئێستا پێویستی بە چ جۆرە راژەیەک و پسپۆڕییەک هەیە بۆ دامەزراندنی؟ ئەگەر هەیە هەوڵنادەن بەشێکیان لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێنن؟
سەعد لامى: سەرەتا تێبینى ئەوە بکە کە پرسی دامەزراندنى یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان ئەوانەشمان تێکرد کە لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان خوێندوویانە، بەڵام بەو مەرجەى دانیشتووى دەرەوەى هەرێمى کوردستان بن. چەندین دامەزراندمان بۆ کردوون. کێشەمان لە دامەزراندنیان نییە بەو مەرجەى وەک پێم گوتن، لە دەرەوەى هەرێمى کوردستان بژین و لە زانکۆکاکانى هەرێمى کوردستان خوێندبێتیان. کاتێک زانیارییەکەمان بەشێوەیەکى ورد پێ دەگات، ئەوانە دامەزراندن گرتوونیەتەوە و هێشتا ئەو بابەتە بەردەوامە، بەڵام تێبینییەک بۆ بەڕێزت و بینەر و بیسەرانیش، لە هەرێمى کوردستان بە هەمان ناوەوە دامەزراوەیەکى وەک ئێمە هەیە کە ئەنجوومەنى راژەیە و دامەزراندنى رۆڵەکانى هەرێمى کوردستانی لەئەستۆدایە، ئەوانەى دەرچووى زانکۆکانن.
رووداو: زۆرترین لێهاتوویی و پسپۆڕی کامانەن حکومەتی عێراق زۆر پێویستی پێیەتی بۆ دامەزراندنی خەڵک؟
سەعد لامى: بەڕاستى هەموو پسپۆڕییەکان لاى ئێمەن و لە ئەنجوومەنى راژەى فیدراڵى جێگەى بایەخن. فەرمانگەکانى دەوڵەت پێویستیان بە چەندین پسپۆرى هەیە، هەندێک پسپۆڕى هەیە کە بەمدواییە هاتوونەتە پێشەوە، بە تایبەت ئەو پێشکەوتنانەى لەجیهان هاتوونەتە پێشەوە لە جیهان و کاریگەرییان هەبووە لەسەر رۆژهەڵاتى نێوەڕاست و عێراق بەتایبەت، پێویستى بۆ پسپۆڕى تەکنەلۆژى نوێ هەیە، تێبینى ئەوەمان کرد کە زۆرێک لە فەرمانگەکان گرنگى بەم پسپۆریانە دەدەن، بەڵام بەشێوەیەکى گشتى فەرمانگەکان پێویستیان بە پسپۆرى یاسایی و زمان ، کارگێڕى وئابوورى و هەندێک تایبەتمەندى پەروەردە و تەکنیکى هەیە کە لە بوارێکى تەکنیکى دیاریکراودا کاردەکەن. ئەوە بەگشتى پێویستى دەوڵەتە بۆ ئەو پسپۆڕیانە.