قایمقامی دەربەندیخان: داوامان کردووە حکومەت لە قەرزی ساڵێکی ئاو لەسەر خەڵک خۆشبێت


رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی قەزای دەربەندیخان رایدەگەیێنێت، سێ داواکارییان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، کە یەکێکیان لێخۆشبوونە لە قەرزی ساڵێکی هاوبەشانی ئاوی قەزاکە.
 
قایمقامی دەربەندیخان لەبارەی کێشە خزمەتگوزارییەکانی قەزاکە و هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئەمڕۆ چوارشەممە، 27-11 قسەی بۆ رووداو کرد، ئاماژەی بەوە دا، 90٪ی کارەکانی پڕۆژەی دوو سایدی دەربەندیخان- کەلار تەواو بوون و تەنیا قیرتاوکردنی ماوە کە ئەویش ئامادەکاری بۆ دەکرێت.
 
هەروەها رەزامەندییان لە ئەنجوومەنی وەزیران وەرگرتووە بۆ دروستکردنی بەرزە پردێک لە دەروازەی دەربەندیخان، بەرزەپردێک بە ئاراستەی ناحیەی مەیدان و بەمۆ و بناری بەمۆ بێت، کە بە گوتەی ئەو ئاسانکاریی باش بۆ هاتووچۆی بارهەڵگرەکانی مەرزی پەروێزخان و پشتە دەکات.
 
قایمقامی دەربەندیخان ئەوەشی گوت، داوای فراوانکردنی رێگەی دەربەندیخان تاوەکو گوندی سیارەیان کردووە کە پێویستی بە نزیکەی شەش ملیار دینارە، جگە لەوەی داوای دەستپێکردنەوەی رێگەی زەڕایەن تاوەکو گوندی هەسەنەگەورە دەکەن کە کۆمپانیایەکی ئێرانی پڕۆژەکەی وەرگرتووە، بەڵام لە 2017ـەوە راگیراوە.
 
کۆمپانیاکە نزیکەی 30 ملیار دیناری وەرگرتووە، بەڵام دەڵێن زیاتر لە بودجەی تەرخانکراو پارەیان خەرجکردووە و داوای حەوت ملیاری دیکەش دەکات، حکومەتیش دەڵێت، "کارەکانتان بکەن ئینجا پارەتان پێدەدەین."
 
سەبارەت بە پڕۆژەکانی دیکەی قەزاکە، قایمقامی قەزای دەربەندیخان گوتی: "داواکاریی سەرەکیمان تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخانە، جگە لەوەش لە کەرتی تەندروستی کێشە و گرفتی زۆرمان هەیە، شوێنی مانەوەی پزیشکانمان نییە و هۆڵی نەشتەرگەری و چەندین بنکەی قەزاکەش لە بوومەلەرزەکەی ساڵی 2017 زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە، ئەو داوایەشمان چەندین جار گەیاندووەتە ئەنجوومەنی وەزیران."
 
قایمقامییەتی قەزای دەربەندیخان بە نووسراو سێ داواکاری ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، سلێمان محەممەد دەڵێت، لەبەر کێشەی ئاوی قەزاکە و پیسبوونی، بڕیاری لێخۆشبوون بۆ قەرزی ئاوی یەک ساڵ و سزای نەبەستنی پێوەری ئاو دەربکرێت. هەروەها بڕی کارەبای قەزاکەمان زیادبکرێت، بەوپێیەی ئێستا رۆژانە زیاتر لە 160 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنین."
 
داواکاریی سێیەمیشیان ئەوەیە، کێشەی کارگەی بەردهاڕینەکە چارەسەربکرێت، بەجۆرێک ئەو پارچە زەوییەی کارگەکەی لەسەر دروستکراوە وەکو قەرەبوو بکرێت بەناوی خاوەنەکەی و دواتر دابخرێ، چونکە خاوەنی ئەو کارگەیە دەڵێت، "ئەگەر زەوییەکەم پێبدەن لێرە دەڕۆم و لە دەرەوەی شار کارگەکە دادەنێین."