ئەمڕۆ لە سەرتاسەری باکووری کوردستان باران دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسی تورکیا رایگەیاند، ئەمڕۆ لە سەرجەم پارێزگاکانی باکووری کوردستان باران دەبارێت. لە چەند شارێکیش رێژەی بارانبارینەکە زیاتر دەبێت. هۆشداریش دەدات لە ئەگەری دروستبوونی لافاو هاووڵاتییان ئاگاداری خۆیان بن.
بەگوێرەی راگەیێندراوێكی کەشناسیی تورکیا، ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2023، لە سەرجەم پارێزگاکانی باکووری کوردستان و لە هەرێمی دەریای رەش و رۆژهەڵاتی هەرێمی مەڕمەڕە و هەرێمی دەریای نێوەڕاست و بەشێکی هەرێمی ئیجە لە تورکیا باران دەبارێت.
بە تایبەت لە پارێزگاکانی سێواز، دیلۆک، کیلیس، روها، سەمسور، ئیلیهـ، سێرت و مەڕەش ـی باکووری کوردستان و پارێزگاکانی ئۆردو، عوسمانیە و هاتای تورکیا، بارانێکی زۆر دەبارێت.
کەشناسیی تورکیا هۆشداری لە روودانی لافاو دەدات و داوا لە هاوڵاتییان دەکات لە ئەگەری دروستبوونی لافاو و کێشەی هاتووچۆ ئاگاداری خۆیان بن و رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
بەگوێرەی کەشناسیی تورکیا، پلەکانی گەرما لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان لە نێوان شەش بۆ 12 پلە دەبێت و کەشوهەوا سارد دەبێت.