لە باکووری کوردستان و تورکیا 98 کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ
 
لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کە لە 18 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو، 98 کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستگیرکران. 
 
هێزە ئەمنییەکان تورکیا بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2023 لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوکاتدا لە نۆ پارێزگای باکووری کوردستان و نۆ پارێزگای تورکیا، هەڵیانکوتایە سەر چەندین ماڵ و ناونیشان و 98 کەسیان بە تۆمەتی ئەندامبوون و کارکردن بۆ پەکەکە دەستگیرکرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لەلایەن وەزارتی ناوخۆی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، ئۆپەراسیۆنەکە لە پارێزگاکانی ئاگری، چەولیگ، خارپێت، دیلۆک، جۆلەمێرگ، مێردین، سەمسور، سێرت و روهای باکووری کوردستان و پارێزگاکانی ئانتالیا، بورسا، کۆجائەلی، موغڵا، عوسمانییە، یاڵۆڤا، ئیزمیر، ئادانا و کۆنیا ـی تورکیا کراوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان ژمارەیەک لە بەرپرسانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-هەدەپ لەنێو دەستگیرکراوەکاندان. 
 
لە تورکیا و باکووری کوردستان رۆژانە هێزە ئەمنییەکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و بە "بیانووی پەکەکە" خەڵکی سڤیل و سیاسەتمەدارانی کورد دەستگیر دەکەن، لە کاتێکدا بەشێک لەوانەی دەستگیر دەکرێن، ئەندام و لایەنگری هەدەپ و هەدەپەن.