وەزارەتی دارایی بۆ مووچەخۆران: تا 20ـی تشرینی دووەم بایۆمەتری نەکەن مووچەکانتان رادەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەر کەسێک مووچەخۆری حکومەتی هەرێم بێت و تاوەکو 20-11-2024 کۆدی بایۆمەتریی نەبێت، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە مووچەکەی رادەگیرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت.
رۆژی یەکشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا سێ داواکاریی ئاراستەی مووچەخۆران کرد و رایگەیاند: "لەسەر بنەمای ئەو رێکكەوتن و لێکتێگەیشتنانەی لەنێوان وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەسەر بابەتی چارەسەرکردنی کێشە هونەریەکانی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە پێویستە" ئەم کارانەی خوارەوە بکەن:
1. هەموو ئەو مووچەخۆر و فەرمانبەر و خانەنشین و خاوەن پێداویستی تایبەت و وارسی شەهیدانەی تا ئێستا (upn)یان نییە و خۆیان لە سیستمی بایۆمەتری تۆمار نەکردووە پێویستە تا ( 20-11-2024) خۆیان تۆمار بکەن.
2. بڕیاری خۆتۆمارکردن لە سیستەمی بایۆمەتی هەموو ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە دەگرێتە کە بەهۆکاری جیاواز لەدەرەوەی وڵاتن یان مۆڵەتی بێ مووچە و خوێندن و هتد.
3. هەر کەسێک مووچەخۆری حکومەتی هەرێم بێت و تا بەرواری ( 20-11-2024) کۆدی بایۆمەتری نەبێت، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە مووچەکەی رادەگیرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت.
رۆژی 22ی 10ی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە 25/8/2024ـەوە تاوەکو رۆژی 18ی 10ی 2024، 105 هەزار و 560 فەرمانبەر و مووچەخۆر لەسەر ئاستی پارێزگاکان، بایۆمەترییان تۆمار کردووە."
هاوکات، ئاماژەی بەوەدابوو کە "ئێستا 75٪ی کێشەکانی بایۆمەتری و لیستی مووچە چارەسەر بووە و تاوەکو کۆتایی ساڵ، سەرجەم کێشە هونەرییەکانی لیستی مووچە چارەسەر دەبێت."