ترس ناهێڵێت جووتیاری کورد لە خورماتوو زەوییەکانیان بکێڵن
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە کاتی زەوی کێڵان و تۆوکردن هاتووە، بەڵام جووتیاری کورد لە خورماتوو دەستی ناچێتە زەوییەکەی، ترسی هەیە لە بارەگایەکی نوێی حەشدی شەعبی کە هاتووەتە گوندەکەیان.
تەمەنی 60 ساڵە، 25 ساڵی ژیانی لەبەر زەبر و زۆری بەعس گوندەکەی خۆی چۆڵکرد، دوای 2003 بەو هیوایەی ئیتر تەعریب تەواو بوو گەڕایەوە گوندەکەی.
مەحموود تاهیر، جوتیارە و دەڵێت، "ئێستا دەمانەوێت تۆو بکەین بەس ناوێرین، تیاماوین نازانین، حەز دەکەین یەکلایی ببینەوە، ئێمەش نەجاتمان دەبێت".
بارەگای لیوای 63ی حەشدی شەعبی لە سنووری گوندی سنگور لە خورماتوو، بە دووری چەند سەد مەترێک لە سووپای عێراق لە هەمان ناوچە جێگیرکراوە.
مەحموود سەعید، جوتیارە و دەڵێت، "زەویی باووباپیرمانە، چەندین ساڵە بەدەستمانەوەیە، بەس نامان هێڵن، ئەوانە خەڵکی پەڵکن دەیانەوێت زەوی و زارەکەمان ببەن سوڵتەیان هاوردووە و دەیانەوێت عەرزەکەمان ببەن".
محەممەد جەزا، جوتیارە و باس لەوە دەکات، "پێمان گوتن کێشەتان چییە؟ بڕۆن لە مەحکەمە کێشەکەتان حەل بکەن، ئێمە تاپۆمان هەیە، ئێوە تاپۆتان هەیە، ئەوان بە هێزی حەشدی شەعبی دێنە سەرمان و ئێمەش ناهێڵین".
ئەحمەد تاهیر، جوتیارێکی دیکەیە، ئاماژە بەوە دەکات، "باووباپیرمان هەر خۆمان کردوومانە، بەدەست خۆمانەوە بون، ئێستا کێشەمان بۆ دروست دەکەن".
خەلیل ئیبراهیم، جوتیارە و گوتی، "هێزیان هاوردە چەندین جار تەقەیان کردووە لە خەڵکی، بەڵام دەڵێن ئەوە تاپۆیە قانوون چی ئیشێک دەکات ئێمە ملکەچین ئەو بە قانوون رازی نییە و دەیەوێت بەزۆر بیکات".
لە گوندی سنگور کە دەکەوێتە رۆژئاوای خوورماتوو، نزیکەی 450 خێزان دەژین، دانیشتووانەکەی خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین.
کێشەی زەویی جووتیاری گوندی سنگور لە خورماتوو و ناوچەکانی دیکە لە کاتێکدایە، تائێستا بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی حزبی بەعس هەڵنەوەشێندراونەتەوە.