لە مەلەتی سێ کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەست دا

رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای مەلەتیی باکووری کوردستان رووداوێکی هاتووچۆ روویدا، بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و چواری دیکە بریندار بوون.
 
رووداوەکە دوای بانگی ئێوارەی رۆژی شەممە (26-10-2024) لە شارۆچکەی چەرمیک روویدا، کە تێیدا دوو ئۆتۆمبێل رووبەڕوو خۆیان بەیەکدا کێشابوو.
 
لە رووداوەکەدا شۆفێرانی هەردوو ئۆتۆمبێلەکە بە ناوەکانی ئایدن کایا و ئەحمەد تان لەگەڵ موخڵیس تونجەل لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستدا. هەروەها چوار سەرنشینیش بریندار بوون.
 
تیمی فریاکەوتن گەیشتە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکانیان بەپەلە گواستەوە بۆ نەخۆشخانە و تەرمەکانیش رەوانەی دادپزیشکی کران.
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی تورکیا، لە 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 344 هەزار و 906 رووداوی هاتووچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا روویانداوە، کە تێیاندا هەزار و 533 کەس گیانیان لەدەستداوە و 215 هەزار و 646 کەسی دیکەش بریندار بوون.