دانەگاز بۆ رووداو: پلانمان هەیە بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان 50% زیادبکەین
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگاز رایدەگەیێنێت، بەرهەمی رۆژانەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ 400 بۆ 500 ملیۆن پێ سێجایە و لە بەرنامەیاندایە 50% بەرهەمەکە زیاد بکەن. دەشڵێت، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر کاری ئەوان نەبووە، بەڵام بووەتە هۆی دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگاز کە کۆمپانیاکەی سەرەکیترین بەرهەمهێنەرە لە کەرتی گازی هەرێمی کوردستاندا باسی پڕۆژەکانی خۆیان و هەناردەکردنی گاز و چەند پرسێکی دیکەی کرد. گوتی، "سەلمێنراوە کە 15 ترلیۆن پێ سێجا یەدەگی گازی سرووشتی لە کوردستان هەیە و ئەگەر هەیە 80 ترلیۆنی دیکەش هەبێت؛ بەپێی خەمڵاندنەکانیشمان پێویستیی بازاڕی هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیارێک پێ سێجایە لە رۆژێکدا."
لەبارەی هەناردەکردنی گازیش، مەجید جەعفەر دەڵێت، "کاتێک پێویستیی نێوخۆ پڕکرایەوە، پشت بەخودا دەتوانرێت بیر لە هەناردە بکرێتەوە. حکومەتی عێراقیش ئەم ساڵ باسی لەوە کرد کە ئامانجیەتی لە داهاتوودا گاز هەناردە بکرێت. بێگومان بژارەی هێڵی بۆرییەکانی باکوور و پڕۆژەی گازی شلیش بەردەستن لە باشوور. گازی شل ئێستا وەک بازاڕێکی جیهانی لە گەشەکردندایە، ئەوەش بەهۆی گەشەکردنی ئاسیا بەدیاریکراوی. هەموو ئەو بژاردانە هەن، بەڵام بێگومان کاری لەپێشینە دابینکردنی پێویستیی نێوخۆییە، ئەمە هەمیشە سیاسەتی ئێمە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بووە."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگاز:
رووداو: ئێستا لە کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکتان هەیە و دەتانەوێت ئاستی وەبەرهێنان و کارەکانتان بۆ نێوەڕاستی ساڵی 2024 بەرزبکەنەوە. دەتوانیت زانیاریی زیاترمان پێ بدەیت؟ کارەکانتان بەکوێ گەیشتوون و دەتوانن لەو کاتەی دیاریتان کردووە ئامانجەکەتان بپێکن؟
مەجید جەعفەر: بەڵێ، ئەگەر سەیری رابردوو بکەین، لە ساڵی 2007 پەیوەندی و هاوبەشمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێکرد، کاتێک یەکەمین رێککەوتنمان واژۆکرد. لە ساڵی 2008ـیش، واتە دوای ساڵێک لە واژۆکردنی رێککەوتنەکە، دەستمان بە بەرهەمهێنان کرد، کە ئەوە لە رووی کاتەوە ئاستێکی پێوانەیی بوو؛ بۆریمان دروستکرد و دامەزراوەیەکی نوێی پرۆسێسکردنمان خستەکار کە کاری لەسەر بیرەکان دەکرد بۆ دەستپێکردنی بەرهەمهێنان. سەرەتا رۆژانە 80 ملیۆن پێ سێجا گازمان بەرهەم دەهێنا؛ دواتر هێواش هێواش بە گرتنەبەری هەنگاوی جیاواز و بە تێپەڕبوونی کات بەرهەممان زیادکرد. ئێستا بەرهەمی رۆژانەمان 400 بۆ 500 ملیۆن پێ سێجا گازە، ئەوە جگە لە LPG بۆ بازاڕی نێوخۆ و گازی کۆندێنسەیتیش کە زۆر سووکە. وەک باست کرد، ئێستا خەریکی جێبەجێکردنی پڕۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی گازی کۆرمۆرین کە KM250ـیە. دەمانەوێت رۆژانە 250 ملیۆن پێ سێجای دیکەی گاز زیادبکەین. واتە پشت بەخودا بەرهەم بە رێژەی 50٪ زیاد دەکەین. هەندێک کاتمان لەدەستچوو و دواکەوتین بەهۆی کۆرۆناوە کە نزیکەی ساڵێک بوو، هەندێکجاریش هێرش دەکرایە سەر کۆرمۆر، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئێستا لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی ببینە یەکەمی بەرهەمهێنەری گاز و لە سەرەتای هاوینی داهاتووەوە دەست بە بەرهەمهێنان لە رێگەی پڕۆژەکەدا بکەین. ئەمە بۆ پڕکردنەوەی خواستی بازاڕی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. رێککەوتنیشمان لەگەڵ حکومەت بۆ ئەو مەبەستە هەیە.
رووداو: کاتێک باس لە پرسی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان دەکەین، پرسی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا دێتە پێشەوە. ئێستاش دانوستاندن لەسەر ئامادەکردنی یاسای نەوت و گاز لە بەغدا دەکرێت. ئێوە چۆن دەڕواننە ئەو هەنگاوە و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چ کاریگەرییەکی لەسەر کارەکانی ئێوە داناوە؟
مەجید جەعفەر: بەڵێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسایەکی نەوت و گازی خۆی هەیە کە وابزانم ساڵی 2007 لەلایەن پەرلەمانەوە دەرکرا، بەڵام بەداخەوە عێراق نییەتی، هەرچەندە لە 2007ـەوە رەشنووسی هەیە، بەڵام هێشتا پەسندنەکراوە. ئەوەش بەشێکە لە رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت کە پێش ساڵێک پێکهێنرا لە بەغدا، بەڵام دەبێت یاساکە پەسند بکرێت. ئێمە تێدەگەین کە دانوستاندن لەوبارەیەوە هەیە، بەڵام گرنگە رێز لە دەستوور بگیرێت. عێراق دەستووری سیستمێکی فیدڕاڵی هەیە و لە رووی پرەنسیپە باشەکانی نەوت و گازیشەوە، دەبێت جیاکردنەوە هەبێت لەنێوان لایەنی رێکخراو و لایەنی رێکخەر. حکومەت ئەو لایەنەیە سیاسەت دادەڕێژێت و رێکی دەخات و کۆمپانیاکانیش هەن. تەنانەت ئەگەر کۆمپانیای نێوخۆیش هەبن وەکو کۆمپانیای نەوتی باکوور و بەسرە، نابێت دەستیان هەبێت لە داڕشتنی سیاسەتدا. بۆیە دەبێت وەزارەتی نەوت جیابکرێتەوە لە کۆمپانیاکان. ئەوانە پرەنسیپی گرنگی نێودەوڵەتیین. ئێمە بەشێک نین لە دانوستاندنەکان، بەڵام هەندێک جار داوای ئامۆژگاری و بۆچوونمان لێ دەکرێت، بەڵام ئەمە دانوستاندنی نێوان حکومەتەکانە، بەڵام پرەنسیپی نێودەوڵەتیش هەن کە گرنگن. بۆ هاندانی وەبەرهێنانی باش و پێشڤەچوونی سێکتەرەکە لە تەواوی عێراق.
رووداو: لەدوای بڕیاری دادگەی نێودەوڵەتیی پاریس، هەناردەی نەوتی کوردستان وەستاوە. هەرێمی کوردستان رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەتەوە بۆ دەستکەوتنی داهات. دەتوانن بۆمان باس بکەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند قەرزداری ئێوەیە؟ ئایا ئێستا شایستە داراییەکانی ئێوە دەدات؟
مەجید جەعفەر: لە رووی فیزیکییەوە، داخستنی بۆریی نەوت کاریگەری لەسەر ئێمە نەبووە، چونکە ئێمە گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە نێوخۆ دابین دەکەین؛ بۆیە هیچ کاریگەرییەکی نەبووە. LPG و کۆندێسەیتەکەش کۆمپانیا نێوخۆییەکان دەیکڕن، بەڵام پێدانی شایستە داراییەکانمان هەندێک دواکەوتووە. بەشێکیمان پێدەدرا، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی لەو گازە دەستدەکەوت کە بەرهەممان دەهێنا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کارەبا دەفرۆشرێتە حکومەتی فیدراڵی؛ بۆیە ئێستا کار لەگەڵ حکومەت دەکەین بۆ دانانی خشتەیەک بۆ پێدانی شایستەکانی پێشوو و دڵنیابوونەوەش لەوەی لە داهاتوودا شایستەکانمان بۆ گاز لە کاتی دیاریکراودا وەربگرین، چونکە ئەوە زۆر گرنگە بۆ بناخەی فراوانکردنی پڕۆژەکە و فراوانکردنی پڕۆژەکان لە داهاتووشدا پشت بەخودا. بێگومان پێدانی شایستەکان لە کاتی خۆیدا زۆر گرنگە بۆ وەبەرهێنەر و قەرزدەر و بۆردی کۆمپانیاکانیش. ژمارەکە دەگۆڕێت، بۆیە ناتوانم ژمارەیەکی دیاریکراوت پێ بدەم، بەڵام بڕەکە زۆرە کە دەبێت بدرێت و گرنگە بۆ متمانەی وەبەرهێنەر.
رووداو: چەند ساڵێکە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکەن کە هەرێمی کوردستان توانای هەناردەکردنی گازی بۆ دەرەوەی کوردستان و عێراق هەیە. پێت وایە هەرێمی کوردستان لە داهاتوویەکی نزیکدا گاز هەناردە بکات؟
مەجید جەعفەر: بەپێی خەمڵاندنەکانمان، سەلمێنراوە کە 15 ترلیۆن پێ سێجا یەدەگی گازی سرووشتی لە کوردستان هەیە و ئەگەر هەیە 80 ترلیۆنی دیکەش هەبێت. بەپێی خەمڵاندنەکانیشمان پێویستی بازاڕی هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیارێک پێ سێجایە لە رۆژێکدا، بەڵام عێراقیش پێویستی بە گازی زیاترە و گازی کەمە. وەک دەشزانیت عێراق کارەبای 24 کاژێریی نییە کە ئەوە ئامانجی تەواوی عێراقە. بۆیە لە ئێستاوە ئاماژەیەکی ئەرێنیمان هەیە بۆ کڕینی گازی زیاتر لەلایەن عێراقەوە، هاوشێوەی کارەبا. ئەمە شتێکی ئەرێنییە؛ هەروەها پیشەسازیی بازاڕی نێوخۆیی هەیە؛ کاتێک گازت هەبێت، یەکەمین کاری لەپێشینە کارەبایە، دووەمیش بێگومان پیشەسازییە؛ رەخساندنی هەلی کار و گەشەی ئابووری. زۆنی پیشەسازیش لە هەرێمی کوردستان هەیە، وەک بازیان کە کارگەی چیمەنتۆکەی دەتوانێت لەبری سووتەمەنی شل، گازی سرووشتی بەکاربهێنێت. پڕۆژەی پیشەسازیی دیکەش هەن کە دەکرێت بکرێنەوە و دەشزانین حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە بۆ شارە پیشەسازییەکان. کاتێکیش پێویستیی نێوخۆ پڕکرایەوە، پشت بەخودا دەتوانرێت بیر لە هەناردە بکرێتەوە. حکومەتی عێراقیش ئەم ساڵ باسی لەوە کرد کە ئامانجیەتی لە داهاتوودا گاز هەناردە بکرێت. بێگومان بژاردەی هێڵی بۆرییەکانی باکوور و پڕۆژەی گازی شلیش بەردەستن لە باشوور. گازی شل ئێستا وەک بازاڕێکی جیهانی لە گەشەکردندایە، ئەوەش بەهۆی گەشەکردنی ئاسیا بەدیاریکراوی. هەموو ئەو بژاردانە هەن، بەڵام بێگومان کاری لەپێشینە دابینکردنی پێویستیی نێوخۆییە، ئەمە هەمیشە سیاسەتی ئێمە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بووە.
رووداو: هەرێمی کوردستان کەی ئەوەندە گاز بەرهەم دەهێنێت کە بتوانێت پێداویستیی نێوخۆی پڕ بکاتەوە؟ وەکو نموونە، بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری بۆ خەڵک؟
مەجید جەعفەر: کاتێک هاوینی داهاتوو پڕۆژەی KM250 زیاد دەکەین، پشت بەخودا پێشڤەچوونی بەرچاو دەبینین. پاشان دەکەوێتە سەر ئەوەی ئەو هەنگاوە چ کاتێکی ساڵ دەبێت و خواستیش رۆڵی هەیە، چونکە لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی عێراق، زۆرترین خواست لە وەرزەکانی زستان و هاوینە بۆ گەرمکردنەوە و کارەبا؛ لە بەهار و پاییزیشدا کەمترە. هەروەها وەک دەزانیت و باست کردووە، پلانەکانی چاکسازیکردن لە کارەبا، وەکو دەزانیت سیاسەت و پێوەری زیرەک کاریگەرییان لەسەر خواست دەبێت، واتە هاوسەنگیی خواست و خستنەڕوو هەیە و لە ساڵی داهاتووەوە زۆر هاوکار دەبێت لە دابینکردنی کارەبا و دەتوانین بەرهەم بگەیێنینە ملیارێک پێ سێجا لە رۆژێکدا. ئەوەش وادەکات هەندێک خواستی پیشەسازییش پڕبکرێتەوە، جگە لە کارەبا.
رووداو: کۆمپانیای ئێوە چەند حەقدەست وەردەگرێت بۆ بەرهەمهێنانی هەر مەترێکی سێجا گاز؟
مەجید جەعفەر: نرخی گاز دیاریکراوە لەنێوان ئێمە و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەپێی رێککەوتنەکانمان. ئەوەش نرخێکە کە زۆر گونجاوە لەسەر ئاستی جیهان. نرخەکەش هاوکێشەیە نەک ئەوەی تەنیا ژمارەیەک بێت.
رووداو: بیستوومە شەش دۆلار وەردەگرن؟
مەجید جەعفەر: نەخێر، زۆر لەوە کەمترە.
رووداو: سێ دۆلارە؟
مەجید جەعفەر: نەخێر، وەکو گوتم هاوکێشەیە.