چیرۆکی ناخهەژێنی ماریۆسی شەش ساڵان؛ هەموو ئەندامانی خێزانەکەی لە رووداوەکەی حەمدانیە لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
هیچ شەقام و کۆڵانێکی حەمدانییە نییە، لافیتەی پرسەی تێدا نەبێت و، هەریەکەیان چیرۆکێکی تراژیدیی هەیە بەهۆی رووداوی ئاگرەکەی شەوی رابردوو، لەوانەش خێزانێکی پێنج کەسی، کە تەنیا کوڕە بچووکە تەمەن شەش ساڵەکەیان لەو کارەساتە رزگاری بوو.
ماڵی خێزانێکی حەمدانییەیە، دەرگاکانی کراونەتەوە و لەبەردەمیدا پرسەیە، خانووەکە ماڵی خێزانێکی پێنج کەسی بوو، کە دایک، باوک، خوشک و برایەکیان لە رووداوەکەی حەمدانیە گیانیان لەدەستدا و تەنیا یەک منداڵی تەمەن شەش ساڵانیان لە ژیاندا ماوە.
ماریۆسی شەش ساڵان، بێ ئاگایە لەوەی چی روویداوە. هێشتا نازانێ لە پرسەی باوک، دایک، برا و خوشکەکەی دانیشتووە.
ماریۆس، ئەیمەن زیادی باوکی، ریتا خزری دایکی، مارسێلی برای و مەلەکی خوشکی لەدەستداوە و، بۆ هەتاهەتایە تاقانەی خێزانەکەی مایەوە.
ستیڤان عەبووش، ئامۆزای باوکی ماریۆسە، دەڵێ ''باوکی ماریۆس گوتی 'تۆ بڕۆ، من دەچم براکەی دیکەت دەهێنمەوە'، چووە ژوورەوە و هیچیان نەهاتنە دەرەوە، دایکی نەهاتەوە، خوشکی نەهاتەوە و مردن، هەموویان مردن و سووتان."
دوو کۆڵان لەولای پرسەی کەسوکاری ماریۆس، چیرۆکێکی دیکەی هاوشێوە هەیە، لە خێزانێکی 12 کەسی، تەنیا سێیان لە ژیاندا ماون، ئەوانیش دەبێت پشکنینی DNA بکەن، بۆ ئەوەی تەرمی کەسوکاریان بناسنەوە."
مەدعوو نوور، دانیشتووی حەمدانیەیە و لە بنەماڵەی ئەو خێزانە 12 کەسیەیە، دەڵێ "کەس نازانێ (چییان بەسەرهاتووە) بێسەروشوێنن، ئێستا ئەوان دەچن پشکنینی DNA دەکەن بۆ ناسینەوەی تەرمەکان."
هۆکاری سەرەکی رووداوەکە بە گوتەی مەدعوو حەسەن "خاوەنی هۆڵەکەیە، بەرپرسانمان لێپێچەنەوەیان لە خاوەنی هۆڵەکە نەکردووە، کە ئەو دیکۆرە چیە دایناوە، دیکۆر ئەوا نییە، بەنزین دیکۆر نییە."
ئازاری لەدەستدانی ئازیزان، ئازاری بریندارانی رووداوەکەی بیربردووەتەوە، خزم و کەسوکار و هاوڕێیانی حەنین و ئیرڤان، کە رووداوە کارەساتبارەکە لە ئاهەنگی هاوسەرگیریی ئەواندا روویدا، چاوەڕێ بوون پیرۆزباییەکانیان کۆتایی چیرۆکی ئاهەنگە شادەکەیان بێت، بەڵام رووداوەکە ئەوانی گەیاندە ئەو ئەنجامە تراژیدییەی، بەدەستی خۆیان تەرمی ئازیزانیان بەخاک بسپێرن.
بریندارێکی رووداوەکەی حەمدانیە لە نەخۆشخانەوە قسە بۆ رووداو دەکات، دەڵێ "خێزانەکەم لێرەن، بەڵام کوڕە گەورەکەم گیانی لەدەستدا. تەمەنی 11 ساڵ بوو، تەرمەکەی لە ماڵەوەیە... هەر لە نەخۆشخانە دەرچووم، دەڕۆم بەخاکی دەستپێرم."
هیچ شەقام و کوچە و کۆڵانێکی حەمدانیە بە بێ لافیتەی پرسە نابیندرێت، هێشتا ئاماری فەرمی نییە، بەڵام تائێستا لە رووداوەکەدا زیاتر لە 100 کەس گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش بریندارن.