رەیان کلدانی: بافڵ تاڵەبانی لەسەر هەمان هێڵی باوکی کار دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیۆن کە یەکێک بوو لە میوانانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی رایگەیاند، بافڵ تاڵەبانی لەسەر هەمان رێچکەی باوکی کار دەکات.
 
رۆژی چوارشەممە 27-09-2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی دەستی بە کارەکانی کرد، یەکێک لە میوانە بانگهێشتکراوەکان رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیۆن بوو، کە بۆ پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی قسەی کرد.
 
رەیان کلدانی لەبارەی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی گوتی، "پیرۆزبایی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی دەکەین بۆ بەڕێوەچوونی ئەم کۆنگرەیە، ئەمڕۆ بینیمان بافڵ تاڵەبانی هەمان پەیام و نامەی مام جەلال تاڵەبانی خوا لێخۆشبوو دەگەیێنێت و لەسەر هەمان هێڵ کار دەکات."
 
لەبارە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، رەیان کلدانی گوتی، "بە بوونی سەرکردەی لێهاتوو پەیوەندییەکان باشن. پابەندی دەستوورین بە شێوەیەک کە مافی هەرێمی کوردستان و عێراقیش لەبەرچاوبگرێت لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا."
 
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیۆن ئەوەشی خستەڕوو، "ئەوەی دەستوور پابەندی بکات، ئێمەش پابەندی دەبین بۆ مافی هەرێمی کوردستان و پارێزگای بەسرەش."
 
شەوی سێشەممە 26-09-2023 ئاگر لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە قەزای حەمدانیە سەر بە پارێزگای نەینەوا کەوتەوە، کە زۆربەی دانیشتووانەکەی کریستیانن، بەهۆیەوە بەپێی ئامارەکان سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون.
 
رەیان کلدانی سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان کرد و گوتی، "لەسەر هێڵین نوێنەرانی بابلیۆن، وەزیری ناوخۆ، کۆچ وکۆچبەران،  سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەموو هێزە سیاسییەکان گرنگی بەم دۆسیە دەدەن."
 
رەیان کلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیۆن و فەرماندەی گرووپێکی کریستیانی نێو حەشدی شەعبییە، لە هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ساڵی 2021 بزووتنەوەکەی لە کۆی پێنچ کورسیی کۆتای کریستیانەکان، چواری بەدەستهێنا.