بەرپرسێکی کۆمەڵە: داوای کشانەوەی هێزەکانمان لێنەکراوە و سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رەتیدەکاتەوە وەزارەتی پێشمەرگە داوای کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە ناوچە سنوورییەکان کردبێت و دەڵێت: "سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین."
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی داوایەکی وەزارەتی پێشمەرگە لە بەشێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە سنوورەکان بکشێننەوە و شوێنەکانیان جێبهێڵن و هێزەکانی پێشمەرگەی تێدا جێگیربکرێت؛ رۆژی سێشەممە 27ـی ئەیلوولی 2022، عەبدوڵڵا ئازەربار، ئەندامی دەفتەری سیاسیی و بەرپرسی کۆمیسیۆنی نیزامیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی دووشەممە 26-09-2022 لە بازگەکان بە پێشمەرگەکانی ئێمەیان گووتووە ئەوەندە هاتووچۆ نەکرێت، بەڵام هیچ شتێکی فەرمیمان لەبارەی کشاندنەوەی هێزەکانمان لەو ناوچانە پێنەگوتراوە، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و وەزارەتی پێشمەرگە دەکەین و لە وردەکاریی پرسەکە ئاگاداردەبینەوە."
لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی ئێرانەوە لە پاش گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، ئەو کچە رۆژهەڵاتییەی ئێوارەی رۆژی سێشەممە 13-09-2022 لە وێستگەی حەقانیی میترۆی تاران لەلایەن پۆلیسی تارانەوە بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی دەستبەسەرکرا و دوای سێ رۆژ گیانی لەدەستدا، هێزەکانی ئێران چەند جارێک تۆپبارانی سنوورەکانی سیدەکانیان کردووە.
حەمەنەزیف قادری، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران - حدکا، داوایەکی لەوجۆرەی رەتکردەوە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "داوای لەو شێوەیە نەبووە. ئەو جۆرە باسانەی لە کوچە و کۆڵان دەگوترێت و لە سۆشیاڵ میدیا باسدەکرێت ناکرێت پشتی پێببەسترێت."
مەرگی کچێکی کوردی تەمەن 22 ساڵانی شاری سەقز لە تارانی پایتەختی ئێران و لە بنکەیەکی پۆلیس بەناوی "پۆلیسی رەوشت،" کاردانەوەی بەرفراوانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی ئێران لێکەوتووەتەوە، تاوەکو ئێستا ئەوەی پشتڕاستکرابێتەوە لە خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 18 کەس گیانیان لەدەستداوە، بەگشتییش لە هەموو ئێران 54 کەس گیانیان لەدەستداوە. ئەمەش جیا لە دەستگیرکردنی سەدان کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرووی 2500 کەس لە سەرتاسەری ئێران.
خالید وەنەوشە، ئەندامی رێبەری و جێگری بەرپرسی ناوەندی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، سەبارەت بوونی داواکارییەکی لەوجۆرە کە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە لێیانکرابێت بۆ کشانەوەی پێشمەرگەکانیان لە ناوچەکانی سنووری بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ناتوانم لەوبارەیەوە هیچ بڵێم، بەڵام ئێمەش بێ پەڕ و باڵ نیین."
رۆژی 24ـی ئەیلوولی 2022، ئێران هەریەک لە بەرزاییەکانی بناری سەقەر، گەرووی سینگان، گەلی سپی بەردەسپیان و تەلانی لە سنووری ناحیەی سیدەکان تۆپبارانکرد؛ دواتر و رۆژی 26ـی ئەیلوول جارێکی دیکە ئێران هەریەک لە بەرزاییەکانی بناری سەقەر، گەرووی سینگان، گەلی سپی بەردەسپیان و تەلانی لە سنووری ناحیەی سیدەکان تۆپبارانکردەوە، تۆپبارانەکان زیانی گیانی نەبووە، بەڵام نیگەرانی لەلای جووتیاران و گوندنشینانی ناوچەکە دروستکردووە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، داواکارییەکەی وەزارەتی پێشمەرگە بەشێوەی فەرمی نەبووە و لەسەر ئاستی وەزارەتی پێشمەرگە نەبووە، بەڵکو چەند فەرماندەیەکی پێشمەرگە بە پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتیان گوتووە، هاتووچۆکانیان لەو ناوچانە کەمبکەنەوە بۆ ئەوەی گوندنشینان زیانیان پێنەگات.