گوتەبێژی پارتی: کار و سیاسەتی کاک مەسرور لە چوارچێوەی سیاسەتی پارتی دایە
رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی روانین لە جێگری سەرۆکی پارتەکەیان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتەبێژەکەیان دەڵێت، "بەشێک لە بەرپرس و میدیاکانى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، لە روانگەى دۆخى ناوخۆیى خودى یەکێتییەوە لە پارتیمان دەڕوانن و دژی جێگری حیزبەکەمانن."
ئەمڕۆ سێشەممە، 27ی ئابی 2024، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "ماوەیەکە، بەشێک لە بەرپرس و میدیاکانى یەکێتی، دوور لە پرەنسیپ و ئەتەکێتى سیاسى، لە روانگەى دۆخى ناوخۆیى یەکێتییەوە، لە پارتیمان دەڕوانن و دژ مەسرور بارزانی، جێگرى سەرۆکى پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، هەڵوێستى نەیارانە هەیە و هەواڵى بێ بنەما بڵاودەکەنەوە."
بە گوتەی گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوێنێ "راگەیێندراوێکی چەواشەکارانە" لە ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتییەوە بڵاوکراوەتەوە، دەشڵێت: "نووسەران و هاندەرانى پشت ئەو راگەیاندراوەى یەکێتى، لە روانگەى دۆخى باڵباڵێنى ناو خودى خۆیانەوە، دەیانەوێت وێناى پارتیمان بکەن!"
مەحموود محەممەد روونیکردووەتەوە: "پارتی خاوەن رێبازێکی راست و دروستە؛ رێبەرەکەی سەرۆک بارزانییە. هەموومان خەباتگێڕى رێبازى بارزانین؛ لە سایە و چەترى جەنابى سەرۆک بارزانیدا بۆ یەک ئامانج و یەک رێباز تێدەکۆشین."
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمەیشی روونکردووەتەوە، "مەسرور بارزانى کار، هەڵوێست، بۆچوون، سیاسەتەکانى لە حوکمڕانى و کارى سیاسیدا، لە چوارچێوەى بەرنامە و هەڵوێستى پارتى دیموکراتى کوردستانە؛ هەر جۆرە سنووربەزاندنێک بۆ سەر کەسێتیى (مەسرور بارزانى)، هەموو پارتی دەگرێتەوە."
گوتەبێژی حیزبەکە لە درێژەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، "خەونی نەیاران دەبەینە ژێر گڵ؛ بە هەموو هێز و توانامانەوە پشتیوانی هەڤاڵ مەسرور بارزانی و سەرجەم ئەرکەکانی دەکەین."
دەقی راگەیێندراوەکەی گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
ماوەیەکە، بەشێک لە بەرپرس و میدیاکانى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، دوور لە پرەنسیپ و ئەتەکێتى سیاسى و لە ڕوانگەى دۆخى ناوخۆیى خودى یەکێتییەوە لە پارتیمان دەڕوانن و دژی بە ڕێزدار (مەسرور بارزانى) جێگرى سەرۆکى پارتیمان و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، هەڵوێستى نەیارانە و قین لە دڵانە و چەواشەکارى و هەواڵى بێ بنەما، بڵاودەکەنەوە. دواترینى ئەو چەواشەکاریانەشیان، ڕۆژى ٢٦ى ٨ى ٢٠٢٤، لە ماڵپەڕی فەرمى یەکێتییەوە ڕاگەیاندراوێک بەناوى سەرچاوەیەک لە یەکێتییەوە بڵاوکراوەتەوە.
ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان، بۆ ڕاى گشتى و خەڵکى خۆشەویستى کوردستان دووپاتى دەکەینەوە کە نووسەران و هاندەرانى پشت ئەو ڕاگەیاندراوەى یەکێتى، لە ڕوانگەى دۆخى باڵباڵێنى ناو خودى خۆیانەوە، دەیانەوێت وێناى پارتیمان بکەن! پارتیمان خاوەن ڕێبازێکى ڕاست و دروست و، خاوەن ڕابەر و مەرجەعێکە کە سەرۆک (مەسعود بارزانى)یە و هەموومان ڕێبورا و خەباتگێڕى ڕێبازى بارزانین و لە سایە و چەترى جەنابى سەرۆک بارزانیدا بۆ یەک ئامانج و یەک ڕێباز تێدەکۆشین.
ڕێزدار کاک مەسرور بارزانى کار و هەڵوێست و بۆچوون و سیاسەتەکانى لە حوکمڕانى و کارى سیاسیدا لە چوارچێوەى بەرنامە و هەڵوێستى پارتى دیموکراتى کوردستانە و هەر جۆرە تەجاوزێک بۆ سەر کەسێتى (مەسرور بارزانى)، بەلاى پارتى و پارتییەکانەوە تەجاوزە بۆ سەر سەرجەم پارتییەکان و جەماوەرى بەهەڵوێستى پارتى.
ئەوانە هێشتا پارتیان نەناسیوە و پەند لە مێژوو وەرناگرن، زۆرێک پێشتر خەونیان بەوەوە دەبینى کە پارتیش وەکو خۆیان لێ بکەن، بەڵام هەروەک چۆن پێشتر ئەو خەون و خەیاڵەیان نەهاتە دى، دڵنیایان دەکەینەوە پارتی و پارتییەکان بەهێز و باوەڕبەخۆبوونەوە ئەو خەون و خەیاڵەیان جارێکى دیکە دەخەنەوە ژێر گڵ.
پارتیمان بە هەموو هێز و توانا و جەماوەرەکەیەوە پشتیوانى هەڤاڵ مەسرور بارزانیە بۆ بەردەوامى جێبەجێکردنى سەرجەم ئەرکەکانى.
مەحمود محەمەد
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٧ـی ٨ـی ٢٠٢٤