دەزگای روانگە 25 گەنج دەکاتە 'شێفی ئیتاڵی'


رووداو دیجیتاڵ 

خولی "بوون بە شێفی ئیتاڵی" کۆتاییهات کە ئامانج لێی فێربوونی دروستکردنی خواردنە ئیتاڵییەکان بوو و دەزگای روانگە بە هاوکاریی هێزەکانی ئیتاڵیا پڕۆژەکەیان بۆ گەنجان رێکخستبوو. 
 
خولەکە لە هەولێر بەڕێوەچوو و 25 گەنج لە ماوەی 15 رۆژدا راهێنانیان لەسەر ئەوە دەکرد کە وەکو شێفێکی ئیتاڵی خواردن دروست بکەن. ئەو شوێنەی خولەکەی تێدا دەگوترایەوە، چێشتخانەیەکی ئیتاڵی بوو لە هەولێر. 
 
باربارا پۆرتا، بەڕێوەبەری چێشتخانەکەیە و دەڵێت، "ئەم پڕۆژەیە زۆر ناوازە بوو، پڕۆژەیەک بوو بۆ فێرکردن و پێدانی دەرفەتێکی تایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە پێشتر نەیانبووە، فێربوونی ستایلی ئیتاڵی و کارکردن بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵی تەواو جیاواز لەوانەی دەوروبەرمان، وادەکات بتوانن تواناکانیان بە شێوەیەکی باش و زانستییانە پێشکێش بکەن."
 
گۆڤار حارس، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەزگای روانگەش ئاماژەی بەوە کرد، "ئامانجی سەرەکیمان لەم پڕۆژەیە ئەوەبوو کە لە بازاڕی کاری کوردستاندا، هەلی کاری نوێ دروست بکەین."
 
ڤیار دلێر کە سێیەم بوو لە خولەکە بە رووداوی گوت، پێیان گوتوون کە دەتوانن لەو چێشتخانەیە کار بکەن، ئەوەش "هەستێکی خۆشە."