بەڕێوەبەری شەڵتەری سەگەکانی هەولێر: نزیکەی 120 سەگمان کۆکردووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری شێڵتەری سەگەکانی هەولێر دەڵێت، مانگی ئاب بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و هەندێک گرفتەوە پڕۆسەی کۆکردنەوەی سەگەکان خاوکرابووەوە. قایمقامی کۆیەش باس لەوە دەکات لە کۆیەش دەست بە کۆکردنەوەی سەگەکان دەکرێت و رەوانەی شەڵتەرەکەی هەولێر دەکرێن. 
 
هێمن محەممەد، پزیشکی ڤێتێرنێری و بەڕێوەبەری ئەو شێڵتەرەی لە هەولێر بۆ کۆکردنەوەی سەگ دروستکراوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 بۆ 120 سەگ کۆکراونەتەوە. پڕۆسەکە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە لە مانگی ئاب، خاوتر بووەوە و جگە لەوە هەندێک کەموکورتیشمان هەبوو، بۆیە مانگی نۆ پڕۆسەکە خێراتر دەکەینەوە، چونکە کەشوهەواش باشە."
 
شەڵتەری سەگەکان لە هەولێر لەسەر رووبەری 50 هەزار مەتر دووجا دروستکراوە، بە گوتەی هێمن محەممەد، جێگەی پێنج هەزار سەگی تێدا دەبێتەوە.
 
هێمن محەممەد گوتی "ئەو سەگانەی کۆکراونەتەوە، زیاتر هی گەڕەکەکانی دەوروبەری هەولێرن، بە نموونە وەکو هەولێری نوێ، 32ـی پارک و فەرمانبەران و هەشتی حەسارۆک، لە نێو شاریش سەگ کۆکراونەتەوە، بەڵام بە رێژەیەکی زۆر کەمتر."
 
بەڕێوەبەری شێڵتەری سەگە بێلانەکانی هەولێر لەبارەی کەموکورتییەکانیان پێش کۆکردنەوەی سەگەکان گوتی، "گەورەترین گرفت ئەوەبوو؛ کارەبای مووەلیدەی شەڵتەر تەواو نەبوو و هەندێک گرفتی لۆجیستیشمان هەبوو، بەڵام پڕۆسەکە هەر بەردەوامە."
 
بەشێک لەو سەگانەی کۆکراونەتەوە نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت و نەزۆک دەکرێن، هێمن محەممەد دەڵێت، "دواتر لە گۆڕەپانی شەڵتەر بەڕەڵڵا دەکرێن و خواردنیشیان بۆ دابینکراوە."
 
ئەو شێڵتەرەی لە هەولێر بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە دروستکراوە، دەکەوێتە سەر رێگەی هەولێر- گوێڕ. بڕیارە لە قەزای کۆیەش دەست بە کۆکردنەوەی سەگەکان بکرێت و دواتر رەوانەی شەڵتەرەکەی هەولێر دەکرێن. 
 
تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بڕیاری کۆکردنەوەی سەگەکان لە پارێزگای هەولێرەوە دەرچووە، بەڵام چۆنیێتی کۆکردنەوەی سەگەکان و گواستنەوەی قسەی لەسەر نەکراوە و ئەم هەفتەیە لەوبارەوە قسە لەگەڵ پارێزگاری هەولێر دەکەم."
 
بەگوتەی قایمقامی قەزای کۆیە، "سەگی زۆر لە کۆیەش هەن، بەتایبەتی لە سەنتەری شاری کۆیە وەکو ناوجەرگەی بازاڕ و دەوروبەری زانکۆ، بۆیە دەست بە کۆکردنەوەیان دەکرێت و رەوانەی شەڵتەرەکەی هەولێریان دەکەین."