لە کیلیسی باکووری کوردستان کۆچبەرێکی سووری کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای کیلیس ـی باکووری کوردستان کۆچبەرێکی سووری بە دەستی کۆچبەرێکی دیکەی سووری بە چەقۆ کوژرا.
رۆژی شەممە 26 ـی ئابی 2023 لە شەقامی عەلی مەتین دەمیرتەکین لە گەڕەکی عوسمان گازی لە ناوەندی شاری کیلیس بە هۆکارێکی نادیار شەڕ لە نێوان دوو کۆچبەری سووری بەناوەکانی (ئا. ج) و (ک. ت) روویدا.
لە شەڕەکەدا (ئا. ج)ـی تەمەن 21 ساڵ بە چەقۆ لەلایەن (ک. ت)ی تەمەن 18 ساڵ، بریندار کرا، دواتر تۆمەتبارەکە لە شوێنی رووداوەکە هەڵات.
"ئا. ج" کە لە رووداوەکەدا برینداربوو گەیێندرایە نەخۆشخانەی دەوڵەت، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەسیپێکردووە، هەوڵی تیمەکانی پۆلیس بۆ دەستگیرکردنی "ک. ت" بەردەوامە.