رووداو ناوەڕۆکی رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، وەزارەتی دارایی عێراق هەژمارێکی بانکی دەکاتەوە و پێویستە هەرێمی کوردستان داهاتە نانەوتییەکانی بخاتە سەر ئەو هەژمارە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق رۆژی پێنجشەممە 27-07-2023 دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، "پێویستە هەرێمی کوردستان داهاتە نانەوتییەکان بخاتە سەر هەژمارێکی وەزارەتی دارایی عێراق، بەڵام ئەو بابەتە هێشتا یەکلانەکراوەتەوە و گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، هاوکات بۆ دیراسەکردنی پرسی داهاتی نانەوتی کە دەبێت چەندی بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و چەندی بۆ هەرێمی کوردستان بێت، بڕیارە لیژنەیەکی هاوبەش لەوبارەوە پێکبهێندرێت."
لەبارەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان، بڕیاردراوە وەزارەتی دارایی عێراق، 50٪ـی داهاتەکەی بگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
یەکێکی دیکە لە خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەوەیە، پێدانی حەقدەستی پارەی ئەو کۆمپانیا نەوتیانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، لەسەر بنەمایە بێت کە کۆمپانیا نەوتییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق کاری پێدەکەن
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، هەر کاتێک هەرێمی کوردستان پابەندبوو بە جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی گفتوگۆیان لەبارەوە کردووە، ئەوکاتە وەزارەتی دارایی عێراق بەپێی یاسای بودجەی 2023، پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت.
رۆژی چوارشەممە 26-07-2023 شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی عێراق و ناردنی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان، گەڕایەوە بەغدا.
لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئەوە یەکێک دەبێت لەو پرسانەی لە سەردانەکەدا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت."
یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانى 2023، 2024 و 2025ـە و قەبارەى پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198 تریلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینارە؛ لەو بڕە 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.