کۆڵبەرێکی بەساڵاچوو بە تەقەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
کۆڵبەرێکی بە ساڵاچووی خەڵکی شاری سەقز بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای سنە گیانی لەدەستدا.
ئاژانسی کوردپا، تایبەت بە مافی مرۆڤ رایگەیاند حەسەن تۆفیقزادە، ناسراو بە حەسەن عێراقی، خەڵکی ناوچەی سەرشیوی سەقز بووە و هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران سەر لە بەیانی رۆژی چوارشەممە (26-7-2023) لە سنووری بەستام، سەر بە شاری سەقز، تەقەیان لێکردووە.
حەسەن تۆفیقزادە ساڵی 1959 لە دایکبووە، خێزاندار و دوو منداڵی هەیە.
بەپێی راپۆرتی کۆڵبەرنیوز، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا 11 کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکاندا بەهۆکاری جیاواز گیانیان لەدەستداوە و 50 کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.
بەپێی یاسای هەڵگرتنی چەک لە ئێران، هێزە سەربازییەکان لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کەسێک یان تۆمەتبارێک، سەرەتا دەبێت تەقەی هەوایی بکەن و هۆشداری پێبدەن، ئەگەر کەسەکە گوێی پێ نەدا، بۆیان هەیە لە کەمەر بۆ خوارەوە تەقەی لێبکەن.
دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان و تەنانەت هەندێ لە خەڵکی شارەکانی دوورتر لە سنووریش لە پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ورمێ بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان کۆڵبەریی دەکەن، بەڵام ساڵانە ژمارەیەکی زۆریان بە هۆکاری جیاواز، گیان لەدەستدەدەن یان بریندار دەبن.