'وشکەساڵی هێزی لە جووتیار بڕیوە' و ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان بۆ 41% دابەزیوە
رووداو دیجیتاڵ
شێرکۆ عەزیز، جووتیارێکی شاری رانیەیە و کونجیی کردووە، دەڵێت، بەرهەمی کونجی ئاوی زۆری دەوێت، هەربۆیە ناچار بووە بە قووڵایی چەند مەترێک بیر هەڵبکەنێت بۆ راکێشانی ئاوەکە، بۆ ئەو مەبەستەش پەمپی داناوە کە بە گازوایل کار دەکات.
سەندیکای جووتیاران دەڵێت، ئاوی بیرەکان 70% کەمیان کردووە، بۆیە هەرچەندە ئاوەکە کەم بکات، ئەویش ناچارە بیرەکە قووڵتر بکات.
شێرکۆ عەزیز، جووتیار دەڵێت، "زیاتر دنیا گەرم دادێت، بەو هۆیەشەوە ئاوەکە زیاتر دادەبەزێت. بارانەکەش کەمە و بایی ئەوە نەباریوە ئاوەکە بگاتەوە شوێنی خۆی، نە لە زستان و نە لە بەهاردا باران وەکو پێویست نەباریوە. ساڵان لافاو دروستدەبوو و ئاو زیاد دەبوو، بەڵام دوو بۆ سێ ساڵە ئەوە نییە."
بیرەکان پشت بە بەنداوی دووکان دەبەستن، بەنداوی دووکانیش پشت بە رووباری زێی بچووک دەبەستێت کە سەرچاوەکەی لە ئێرانەوە دێت.
ئێران سێ بەنداوی لەسەر زیێ بچووک دروستکردووە. پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، ئێران تەنیا 6%ی ئاوی زێی بچووک بەردەداتەوە.
باپیر کەڵکانی ئەندامی سەندیکای جووتیارانە و دەڵێت، 70%ی دانەوێڵەی هاوینە کە پێشتر دەچێندرا، لەبەر کەمئاوی بۆ ئەمساڵ نەچێندراوە.
باپیر کەڵکانی، ئەندامی سەندیکای جووتیاران ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو ئاوە بەهۆی وشکەساڵییەوە هێندە دابەزیوە، دەنا نزیکەی سێ کیلۆمەتر لێرەوە تاوەکو سەرەوە ئاو هەبوو کە وشکەساڵی پەیدا نەببوو. ئەگەر لەو کۆتاییانەدا باران نەباریایە هەموو بەرهەمەکانمان لەنێودەچوون. وشکەساڵی هێزی لە جووتیار بڕیوە."
پێشتر کە بەنداوەکە پڕ ئاو بوو، لە چرکەیەکدا 200 بۆ 250 مەتر سێجا ئاو بەردەدرایەوە، بەڵام ئێستا لە هەر چرکەیەکدا تەنیا 90 مەتر سێجا ئاوی بەنداوەکە بەردەدرێتەوە. ئەوەش ل ەکاتێکدایە کە بەنداوەکە، ئاوی خواردنەوە بۆ نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکووک دابیندەکات.
کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان رایگەیاند، "بەنداوەکە بۆ ئاودانی کێڵگەکانی کەرکووک بەکاردەهێندرا. ملیۆنێک و 500 هەزار دۆنم لە زەویی کەرکووک لە وەرزەکانی هاوین و پاییز بەم ئاوە ئاو دەدران. جگە لەوەش بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و راوەماسی و هەموو شتێک بەکاردەهێندرێت."
لە هەرێمی کوردستان 17 بەنداو هەن، گەورەترینیان بەنداوی دووکانە کە توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەڵام ئێستا تەنیا دوو ملیار و 900 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، واتە 41%ی توانای گلدانەوەی بەنداوەکە.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە بەر کاریگەریی تووندی گۆڕانی کەشوهەوا کەوتووە؛ ئامارەکانی عێراقیش دەڵێن، وڵاتەکە 60%ی سەرچاوە ئاوییەکانی لەدەستداوە.