دەروازەیەکی دیکە لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێراندا کرایەوە

رووداو دیجیتاڵ 

دەوازەی شووشمێ لە سنووری هەورامان بە رووی گەشتیاراندا کرایەوە. جێگری پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت: "کردنەوەی ئەو دەروازەیە لەهەموو روویەکەوە کاریگەری لەسەر هەڵەبجە دەبێت."
 
رۆژی سێشەممە، 27-06-2023 شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەروازەکە لە ئەمڕۆوە کرایەوە و بڕیار وایە 24 کاژێر کراوە بێت و هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی تێدا بکرێت، بەڵام جارێ چاوەڕوانی دەرکردنی رێنماییەکانین."
 
پێشتر دەروازەی شووشمێ لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هاتووچۆی بازرگانی کراوەبوو. بە گوتەی جێگری پارێزگای هەڵەبجەش، ئێستا هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەکە هەیە و لە دیوی ئێرانیش لەگەڵ بەرپرسان رێککەوتن کراوە و هیچ گرفتێک لە کردنەوەی دەروازەکەدا نییە. 
 
شاهین رەزا گوتی: "ئەو دەروازەیە لە رووی ئابووری و هەموو روویەکەوە کاریگەری لەسەر پارێزگای هەڵەبجە دەبێت بە تایبەتی بۆ تەوێلە و بیارە، چونکە لەم دەروازەیە جگە لە هاتووچۆی گەشتیاری، بازرگانیش دەکرێت."
 
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە گوتی، کردنەوەی دەروازەی شووشمێ بە فەرمی لەلایەن عێراقەوە پەسەند نەکراوە و ئەوان لەسەر هێڵ دەبن بۆ ئەوەی عێراقیش بە فەرمی بیناسێنێت. گوتیشی: "کردنەوەی دەروازەکە زیاتر پەیوەندیدارە بە هەرێمی کوردستان و ئێران".
 
چەند دەروازەیەکی سنووریی لەنێوان پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و پارێزگاکانی کرماشان و سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەن و تەنیا دووانیان بە فەرمی ناسێندراون و نێودەوڵەتین، کە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخانن، هەروەها دەروازەکانی کێلێ، سەیرانبەن، پشتە و شووشمێ هەن و تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراون.
 
جگە لە باشماخ و پەروێزخان، دوو دەروازەی دیکەی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان هەن؛ لە پارێزگای هەولێر دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران و لە دهۆکیش دەروازەی ئیبراهیم خەلیل.
 
هەر لە پارێزگای دهۆک دوو دەروازەی دیکە هەن کە حکومەتی عێراقی بە فەرمی نەیناساندوون، دەروازەکانی سەرزێڕێ و سێمالکا؛ ئەوەی یەکەم لەنێوان باشوور و باکووری کوردستان و تورکیا و، ئەوەی دووەمیش تەنیا دەروازەی بەستنەوەی باشوور و رۆژئاوای کوردستانە.