لە رووداوێكی هاتووچۆدا لە ئاگری 13 کەس بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی زێدکان سەر بە پارێزگای ئاگری لە باکووری کوردستان لە ئەنجامی پێکدادانی پاسێك و بارهەڵگرێک 13 کەس بریندار بوون؛ تەندروستیی دوو شۆفێرەکە ناجێگیرە.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2023 لەسەر رێگەی سەرەکی ئاگری-ئەرزەڕۆم روویدا. پاسێکی نەفەرهەڵگر لە دواوە خۆی کێشاوە بە بارهەڵگرێکدا و بەو هۆیەوە 13 کەس بریندار بوون.
دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان تیمەکانی تەندروستی، جەندرمە و پۆلیس رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون و بریندارەکان گوازراونەتەوە نەخۆشخانەی فێرکاری زێدکان.
بەگوێرەی زانیارییەکان شۆفێرانی بارهەڵگر و پاسەکە تەندروستیان ناجێگیرە.
بەهۆی پشووی جەژنی قوربانەوە، رێگەوبانەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان قەرەباڵخ بوون، ئەمەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی رووداوی هاتووچۆی زۆریان تێدا رووبدات.
لە یەکەم رۆژی پشووی جەژنی رەمەزاندا کە 24ی حوزەیران بوو، 41 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکران و بە هۆیانەوە 18 کەس گیانیان لەدەستدا و 112 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، بەو هۆیەوە دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش بریندار بوون.