دیوانی پەرلەمانی کوردستان: 2ی تەممووز بڕیاری خانەنشینبوونی پەرلەمانتاران ئاراستەی حکومەت دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاوەتەوە و هەر فراکسیۆن و پەرلەمانتارێک قسە لەسەر کاری پەرلەمانی بکات "موزایەدەیە". لەبارەی وەرگرتنی مووچەی پەرلەمانیش دەڵێت، "ئەوەی ئێستا خەرج دەکرێت مووچەی مانگی پێنجە نەک شەش و پەرلەمانتاران ئازادن لە وەرگرتنی." جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، "2ی تەممووز بە لیستێک بڕیاری خانەنشینبوونی پەرلەمانتاران ئاراستەی حکومەت دەکەین."
رۆژی سێشەممە 30-05-2023 دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووری و نایاساییە و "هەر شتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە، لەڕووی دەستوورییەوە پووچەڵە."
زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەو رۆژەوەی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق دراوە، پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاوەتەوە، دوای بڕیارەکە هیچ نووسراو و واژۆیەک لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان نەکراوە، لیژنەکانی پەرلەمان هیچ کۆبوونەوە و بەدواداچوونێکیان نەکردووە، ئێستا هەر فراکسیۆنێک یان هەر ئەندام پەرلەمانێک قسە لەسەر کاری پەرلەمانی بکات، ئەوە تەنیا موزایەدەیەکە و هیچی دیکە نییە."
لەبارەی وەرگرتنی مووچەی پەرلەمانی و بەردەوامبوونی کارەکانیان زیاد جەبار گوتی، "بڕیاری وەرگرتنی مووچە یان کۆتاییهێنان بە کارەکانمان ئەرکی فراکسیۆنەکان نییە قسەی لەبارەوە بکەن، ئەرکی سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستانە کە بە فەرمی نووسراو ئاراستە بکات و بڕیار لەبارەی خانەنشینبوونی پەرلەمانتاران بەگوێرەی ساڵانی خزمەت و تەمەن بدات، یان ئەوانەی نایانەوێت و دەگەڕێنەوە سەر کاری پێشووی خۆیان، چاوەڕوانی ئەوەین دیوانی پەرلەمان ئەو نووسراوە بکات و بە فەرمی کۆتایی بە کاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بهێنن."
زیاد جەبار گوتیشی، "ئەو مووچەی ئێستا وەردەگیرێت مووچەی مانگی پێنجە نەک شەش، هەر کەس وەریدەگرێت ئازادە و بە پێچەوانەشەوە، بەڵام لەڕووی یاساییەوە هەر پەرلەمانتارێک سوێندی یاسایی خوارد و دەستبەکار بوو، تاوەکو ئەو رۆژەی دەستلەکاردەکێشێتەوە مووچە وەردەگرێت، ئەوانە هەمووی بە یاسا رێکخراوە، ئەوەی دەمێنێتەوە چاوەڕوانی دیوانی پەرلەمانی کوردستانین هەر بڕیارێکی دەرکرد پابەند دەبین."
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان خاوەنی 21 کورسییە، بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنەکە ئەو بابەتەی بەلای ئەوانەوە گرنگە، پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە کە چۆن دەکرێت و کەی دەکرێت، لە کاتێکدا کرا هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکرێت و دەشڵێت، "هیچ کاتێکیش لەگەڵ ئەوە نەبووین هیچ دامەزراوەیەکی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێتەوە و بۆشایی دروست ببێت."
فراکسیۆنی پارتی: لە 01-06-2023ەوە مووچەی پەرلەمانتاریمان رەتکردووەتەوە
فراکسیۆنی پارتی 45 کورسی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بوو. رۆژی دووشەممە 26-06-2023 زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی گوتی، لە 01-06-2023ـەوە مووچەی پەرلەمانتارییان رەتکردووەتەوە و داوایان کردووە رێکاری پێویست بگیرێتەبەر بۆ راگرتنی مووچەی فراکسیۆنەکە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی باسی لەوە کرد، ئەوان خوازیاری ئەوە نەبوون کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت، بەڵام بەهۆی ئەو ناکۆکییانەی کە لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن لەسەر پرسی کۆمیسیۆن هەبوون، "بە ناچاری دەستمان برد بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان، دواتر جارێکی دیکە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان هەوڵماندا هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکەینەوە بەو خواستەی کە ئەوان دەیانەوێت، هەوڵماندا کۆمیسیۆنێک کارا بکەینەوە بەو خواستەی کە دەیانەوێت، [بەڵام] ناگەڕێینەوە سەر ئەو باسە."
پەرلەمانتارێکی گۆران: مووچەی مانگی ئایارمان وەرگرتووە
رزگار محەممەد، پەرلەمانتاری گۆران لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی مووچە و کاری پەرلەمانی فراکیسیۆنەکەیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو مانگی ئایار مووچەمان وەرگرتووە، بۆ دوای مانگی ئایاریش هێشتا فراکسیۆنێک هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە و بڕیار نەدراوە و چاوەڕوانی نووسراوی دیوانی پەرلەمانی کوردستانین تاوەکو بڕیار نەدەن ئێمە ناتوانین بڵێن مووچە وەرناگرین یان خانەنشین دەبین."
بە گوتەی رزگار محەممەد، راستە دادگەی فیدراڵی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان داوە، بەڵام یەکێک لە کێشەکانیان ئەوەیە هێشتا حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان وەڵامی دادگەی فیدراڵییان نەداوەتەوە، کە ئایا پابەندی ئەو بڕیارە دەبێت یان نا.
ئەو پەرلەمانتارەی فراکیسیۆنی گۆڕان لە خولی پێنجەمی پەرلەمان دەڵێت: "ئەگەر دامەزراوەکانی هەریمی کوردستان بڕیاری دادگەی فیدراڵی قبووڵ بکەن ئەوە دەبێت سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەمانی کوردستان هەموو پەرلەمانتاران ئاراستەی خانەنشینی بکات، ئەگەریش لایەنە سیاسییەکان بڕیاری دادگەی فیدراڵێ عێراق رەتبکەنەوە ئەوە تاوەکو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاری پەرلەمانی بەردەوام دەبین."
پەرلەمانتارێکی یەکگرتوو: تاوەکو مانگی شوبات مووچەمان وەرگرتووە
ئەبوبکر هەڵەدنی، ئەندام پەرلەمانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئێمە مانگی 11ـی 2022 دەستلەکارکێشانەوەمان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد، بەڵام درەنگ خرایە بەرنامەی کارەوە کە 1ـی ئاداری 2023 بوو، بۆیە تاوەکو مانگی شووبات مووچەی پەرلەمانیمان وەرگرت."
بە گوتەی ئەبووبەکر هەڵەدنی، تاوەکو ئێستا خانەنشین نەبوون، چاوەڕوانن دیوانی پەرلەمانی کوردستان نووسراو بۆ حکومەت بنێرێت و دەڵێت: "دواتر دەنێدرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی، ئەوەی ئێمە دەبوو لە 1ـی ئایادار بینێرێت، بەڵام دواکەوت بۆ مانگی ئایار و دوای ئەم بڕیارەی دادگەی فیدراڵی عێراق هەموو پەرلەمانتاران پێکەوە دەنێرن."
دوای ئەوەی رۆژی 09-10-2022 پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار تەمەنی خولی پێنجەمی بۆ کۆتایی 2023 درێژکردەوە، پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە رۆژی 6-11-2022 بەدواوە كە ماوەی یاسایی پەرلەمان تەواو بوو دەستیان لەکارکێشایەوە و بەشداری هیچ دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستانیان نەکرد.
تاوەکو مانگی ئایار پەرلەمانتارانی کۆمەڵی دادگەری مووچەی پەرلەمانییان وەرگرتووە
هەر بەهۆی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان رۆژی 6-11-2022، شەش پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لەگەڵ شەش پەرلەمانتاری دیکە کە بەشێکیان سەربەخۆن و بەشێکیان پەرلەمانتاری گۆڕان بوون بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد.
دواتر لە کۆبوونەوەی گشتییدا، کە 1ی ئایار لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بڕیاری کشانەوەی نوێنەرانی لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی دا. بەڵام تاوەکو ئێستا دەستلەکارکێشانەوەیان پەسەندنەکراوە و بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو مانگی ئایار مووچەی پەرلەمانتاریان خراوەتە سەر هەژماری بانکییان.
دیوانی پەرلەمانی کوردستان: 2ی تەممووز خانەنشینبوونی پەرلەمانتاران ئاراستەی حکومەت دەکرێت
هیوا نهسرهدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "30ـی ئایار بڕیاری دادگەری فیدراڵی عیڕاق دەرچووە، بەڵام نەگەیشتە دەستمان بۆیە نووسراوی خانەنشینبوونی پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە دوای جەژنی قوربان، رۆژی 2ـی تەممووز بە لیستێک نووسراوی خانەنشینبوونی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستان ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت بۆ ئەوەی دەست بە مامەڵەکان بکرێت."
بە گوتەی هیوا نەسرەدین، هەموو پەرلەمانتاران خانەنشین دەبن، بەڵام بەگوێرەی رێژەیە بەنموونە پەرلەمانتار هەیە 25٪ و هەیە 45 ساڵێ تەمەنی تەواو کردووە ئەوانە تاوەکو 50٪ دەبێت.
جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی مووچەی پەرلەمانتاران دەڵێت: "هەر پەرلەمانتارێک دەستلەکارکێشانەوەکەی لە نێو هۆڵی پەرلەمان پەسەند نەکرێت مووچەکانیان بۆ دەڕوات و خەرجدەکرێت و وەکو پەرلەمانتار مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت."
بڕیاربوو 01-10-2022 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، کۆمیسیۆن و ژمارەی کورسیی پێکهاتەکان، نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک و هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆی نەکرا.
بەگوێرەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی عێراق دوای تەواوبوونی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان هەر بڕیارێک و یاسایەک لە پەرلەمان دەرکرابێت نایاساییە و پووچەڵە.
ئەحمەد عەبدولقادر پارێزەر، لە بارەی یاساییبوونی وەرگرتنی مووچەی پەرلەمانی دوای هەڵوەشانەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە تۆری میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی عێراق بێت، دوای تەواوبوونی خولی پێنجەم، وەرگرتنی مووچەی پەرلەمانتاری نایاساییە، بەڵام بڕیارێکی دادگەی کارگێریمان هەیە سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی کە پێچەوانەی یاسا دەوام دەکەن و هەڵەی خۆی نییە، بە نموونە سێ ساڵ دەوام دەکات و مووچە وەردەگرێت دواتر دەردەکەویت کە گرفتێکی یاسایی هەیە، لە دۆخی لەوشێوەیەدا دادگەیی کارگێری دەڵێت، دەوامی کردووە، بۆیە مافی خۆیەتی مووچەی وەرگرتووە."
بەگوتەی ئەو پارێزەرە، دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق دەتوانێت بڕیار لەو بابەتە بدات، کە ئایا وەرگرتنی مووچە دوای تەواوبوونی خولی پێنجەم یاساییە یان نا. دەشڵێت: "کە دادگە بەدواداچوونی کرد و گەیشتە ئەو بڕوایەی پەرلەمانتار بە ناهەق ئەو پارەی وەرگرتووە، ئەوە دەکرێت بڕیاری گەڕاندنەوەی ئەو پارەیە بدات، بەڵام دادگە میکانیزمی گەڕانەوەکە دیاری ناکات، ئەوان تەنیا بڕیار دەدەن و دەبێت لایەنی جێبەجێکار، کە سەرۆکایەتی پەرلەمان یان حکومەتە بڕیار دەدات."