هاووڵاتییەکی عێراق لە هۆتێلێکی سلێمانی گیان لەدەستدەدات

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، ئەو هاووڵاتییە عێراقییەی شەوی رابردوو لە هۆتێلێکی سلێمانی گیانی لەدەستدا نەخۆشی گورچیلەی هەبووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی شارەکەی کردووە.
 
رۆژی سێشەممە 27-06-2023، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیای رووداوی گوت، ئەو پیاوە تەمەنی 60 ساڵ بووە، نەخۆشی گورچیلەی هەبووە، بۆ بینینی پزیشک سەردانی سلێمانی کردووە. 
 
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتیشی، پیاوەکە دانیشتووی گوڵاڵەیە و رۆژی دووشەممە سەردانی پزیشکەکەی کردووە، غەسلی گورچیلەی بۆ کراوە و پێیگوتووە دوای جەژن دووبارە سەردانی بکاتەوە، بەڵام درەنگانی شەوی رابردوو لە هوتێلێک لە سلێمانی گیانی لەدەستداوە. 
 
ئەو هاووڵاتییە ناوی (ع. ی)ـە، بەگوتەی گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، ژن و منداڵەکانی لەگەڵی بوون، بەڵام شەو کە گیانی لە دەستداوە پێیان نەزانیوە و ئەم بایەنییە ئاگاداربوونە و راستەوخۆ پۆلیسی رزگارییان ئاگادار کردووەتەوە. 
 
سەرکەوت ئەحمەد دەڵێت: "تەرمی ئەو هاووڵاتییە براوەتە دادپزیشکی سلێمانی و پشکنینی بۆ کراوە، گیانلەدەستدانی ئەو هاووڵاتییە جگە لە نەخۆشی هیچ هۆکارێکی دیکەی نەبووە."
 
هەر دوێنێ دووشەممە، 26-6-2023، گەشتیارێکی عەرەب دانیشتووی بەغدا لە چاڤیلاندی سلێمانی گیانی لەدەستدا. سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی 122 بە رووداوی راگەیاند، ئەو هاووڵاتییە بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو؛ ئەو پیاوە لەکاتی سەرکەوتن بەسەر قادرمەکاندا جەڵتەی دڵ لێیداوە و گیانی لەدەستداوە.