کەشناسێک: باران و سەرمای ئەم ساڵ کۆتاییان هات و شەپۆلێکی گەرما بەڕێوەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و پلەی گەرماش 1 بۆ 2 پلە بەراورد بە تۆماری دوێنێ بەرز دەبێتەوە. کەشناسێکیش باس لەوە دەکات، "باران و سەرما کۆتاییان هات. شەپۆلێکی گەرما بەڕێوەیە."
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەینێش، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئاسمان لەنێوان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت و لە نیوەڕۆیشدا تاوەکو ئێوارە ئەگەری خۆڵبارین لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێمی کوردستان هەیە.
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی لەوبارەوە بە رووداوی گوت، "باران و سەرمای ئەم ساڵ کۆتاییان هات. لەم هەفتەیەدا شەپۆلێکی گەرما لە هەرێمەکەمان دەبینین."
 
بە گوتەی ئەو کەشناسە، لە کۆتایی ئەم مانگەدا شەپۆلێکی تۆز و خۆڵ روو لە هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام کەم دەبێت و تۆزێک ئاسمان ناڕوون دەبێت. ئاماژەی بەوەش کرد، "رۆژانی سێشەممە بۆ هەینی، شەپۆلێکی گەرما روو لە هەرێمەکەمان دەکات. سنووری ئیدارەی گەرمیان 5 تا 7 پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ بەرز دەبێتەوە."
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی چوارشەممە بەم شێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 37 پلە
سلێمانى: 35 پلە
دهۆک: 36 پلە
زاخۆ: 37 پلە
هەڵەبجە: 35 پلە
کەرکووک: 39 پلە
سۆران: 33 پلە
حاجی ئۆمەران: 24 پلە
گەرمیان: 40 پلە