چوار کەس لە ورمێ بە تۆمەتی گەڕان بەدوای شوێنەواردا دەستگیر کران
رووداو دیجیتاڵ
چوار کەس لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی گەڕان بەدوای شوێنەوار و هەوڵدان بۆ فرۆشتنی پارچە شوێنەوارییەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کران.
بیهرۆز موحیبی، سەرپەرشتیاری بەشی پاراستنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی میراتی کولتووری، پیشە دەستییەکان و گەشتیاریی پارێزگای ورمێ دەڵێت، دوای ئەوەی لەلایەن چەند کەسێکەوە زانیارییان پێگەیشت کە چەند کەسێک لە دەوروبەری کەنیسەیەکی مێژوویی لە گوندێکی سەر بە شاری ورمێ بە شێوەیەکی نایاسایی و گوماناوی خەریکی هەڵکەندنی زەوین، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان بۆ بابەتەکە دەستپێکرد.
سەرپەرشتیاری بەشی پاراستنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی میراتی کولتووری، پیشە دەستییەکان و گەشتیاریی پارێزگای ورمێ گوتی، دوای پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنەکە و چوار کەسیان لەکاتی هەڵکەندنی زەوی لە سنووری کەنیسە مێژووییەکە دەستگیر کرد، هەروەها دەست بەسەر ژمارەیەک کەلوپەلی مێژووییشدا گیرا.
سەرپەرشتیاری بەشی پاراستنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی میراتی کولتووری، پیشە دەستییەکان و گەشتیاریی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، ئەو کەسانە بە تۆمەتی "گەڕان بەدوای پارچە شوێنەوار و هەوڵدان بۆ فرۆشتنیان" دەستگیر کراون و دواتر دادگایی دەکرێن.
بیهرۆز موحیبی ئاماژەی بەوە کرد، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا بۆیان دەرکەوتووە، ئەو کەسانە ژمارەیەک پارچە شوێنەواری مێژوویی شاری ورمێیان فرۆشتووە و بەدواداچوونیان بۆ بابەتەکە بەردەوامە.
لە پارێزگای ورمێ، زیاتر لە 1800 شوێنەواری مێژوویی سەردەمە جیاوازەکان هەن، کە بەشێکیان مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش زایین و ژمارەیەک لەو شوێنەوارانە لە لیستی جیهانی یۆنسکۆدا تۆمار کراون، وەکو کەنیسەی قەرەکلیسا لە چاڵدێران و تەختی سولەیمان لە شاری تیکاب.