ئاسایشی سلێمانی: لە رانیە چوار مێردمنداڵ لەکاتی بەکارهێنانی مادەی بێهۆشکەردا دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی سلێمانی رایگەیاند: لە ئیدارەی راپەرین بازرگانێکی مادەی هۆشبەر لەکاتی مامەڵەکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکراوە و لەناو بازاڕی رانیەش چوار مێرمنداڵ دەستگیرکران کە هەستاون بە بەکارهێنانی هەندێک مادەی زیانبەخش کە بۆ بێهۆشبوونیان بەکاریان هێناوە.
 
رۆژی شەممە، 27-05-2023 بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتی - سلێمانی رایگەیاند: "لە پێناو رێگریکردن لە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕین لە ئەنجامی گەڕان و پشکنین، رۆژی 26-05-2023 لە ئیدارەی راپەڕین بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش تۆمەتبارێکیان بەناوی (م ، أ ، أ) لە کاتی مامەڵەکردن بە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکرد."
 
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی - سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد: "لە شوێنی دەستگیرکردنی تۆمەتبار، دەستگیرا بەسەر تەرازووی پێوانەکردن و کەرەستەی کێشانی مادەکان و چەند بڕ و جۆرێک لە مادە هۆشبەرەکانی ( هێرۆین، شیشە و ماریوانە)، هەروەها دەستگیرا بەسەر چەکێکی بێمۆڵەت لە جۆری دەمانچە. ئێستا تۆمەتبار بە مادەی ( 26 ) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە."
 
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان داوا لە دایک و باوکان دەکات زیاتر چاودێری منداڵەکانیان بکەن و دەڵێت، جگە لە دەستگیرکردنی بازرگانێکی مادەی هۆشبەر، "لە پارکی منارەی ناو بازاڕی (رانیە) چوار مێرمنداڵ دەستگیرکران کە هەستاون بە بەکارهێنانی هەندێک مادەی زیانبەخش کە بۆ بێهۆشبوونیان بەکاریان هێناوە. بە فەرمانی دادوەر و لەبەر تایبەتمەندی کەیسەکەیان و کەمی تەمەنیان رادەستی پۆلیسی نەوجەوانانی رانیە کران."