نۆ پارتی تورکمانیی هەرێمی کوردستان: دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ
 
پارت و لایەنی سیاسییە تورکمانییەکانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی گۆڕانکاری لە مادەکانى 13 و 14ـى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیی عێراق کە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان دەڵێن: "نیگەرانین لەو هەوڵە خراپانەی بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەدرێن، دووپاتی دەکەینەوە دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان."
 
رۆژی پێنجشەممە، 25-5-2023، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق مادەکانى 13 و 14ـى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتی بە گۆڕانکارییەوە پەسندکرد کە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان و چەند ئەندامێکى کوردى لیژنەکەش کۆبووەنەوەکەیان جێهێشت. گۆڕانکارییەکان لەو دوو مادەیە ئەوانە بوون کە ئەندامە شیعەکانى لیژنەکە پێشکێشیان کردبوو.
 
دانەوەى پاشەکەوتى مووچە، رێگرى لە دەرهێنانى نەوتى کەرکووک و نەینەوا، دەرفەتدان بە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بۆ وەرگرتنى پشکەکانیان لە بەغدا، دیارترین ئەو گۆڕانکارییانەن کە لە مادەکانى تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان کراون لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراقدا، ئەوە جگە لە ناچارکردنى هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنى نەوتەکەى بە کۆمپانیاى سۆمۆ بۆ بەکارهێنانى نێوخۆیی و بەڕێوەبردنى دەروازە سنوورییەکان بە هاوبەشی.
 
نۆ پارت و لایەنی سیاسیی تورکمانەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی شەممە، 27-5-2023 بڵاوکرایەوە دەڵێن: "وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی ئەم هەرێمە و بەشێک لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، بەشدارین لە شانازی و دەستکەوتەکانی حکومەتی هەرێمی کورستان و هاوخەمی کۆژانی دانیشتووان و پێکهاتەکانی کوردستان و قەوارەی هەرێمین، بۆیە  رایدەگەیەنین بە هەموو شێوەیەک وەک لە پێشتر پشتگیری رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی بەغدامان کرد، ئێستا ئێمە نیگەرانین لەو هەوڵە خراپانەی بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەدرێت."
 
نۆ پارتەکە بریتین لە: پارتی گەشەپێدانی تورکمانی، لیستی میللەت، پارتی دیموکراتی تورکمانی، کۆمەڵەی رۆشنبیریی تورکمانی، حیزبی شرووقی تورکمانی، بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمانی، حیزبی رزگاری تورکمانی، رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیی تورکمانی و یەکێتی لاوانی تورکمان. 
 
گۆرانکاری لەو مادانەی کە تایبەتن بە کورد لە بودجەی گشتی عێراق نیگەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی لێکەوتەوە و رۆژی هەینی 27ـی ئایار لە راگەیێندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ئەو گۆڕانکارییانەی کراون قبووڵی ناکەن. هاوکات، نێچیرڤان بارزانیش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە 27ـی ئایار نیگەرانیی خۆی دەربڕی و گوتی: "بە نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌وه‌ له‌ ده‌ستكارى و گۆڕانكارى له‌و بڕگانه‌ى پرۆژه‌ياساى بودجه‌ى عێراق ده‌ڕوانين كه‌ په‌يوه‌ندييان به‌ مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هه‌يه و يه‌كجاریی ره‌تيان ده‌كه‌ينه‌وه‌‌."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا پارت و لایەنە سیاسییە تورکمانەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دووپاتی دەکەنەوە، دەنگیان دەخەنە پاڵ دەنگی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و "بەتەواوی پشتگیری بەیاننامەکە دەکەین."
 
لە خاڵى یەکەمى بڕگەى دووەمی مادەی 13 پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، ناوى کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) زیادکراوە، لە برى حکومەتى هەرێمى کوردستان وەک لایەنى بەرپرس لە هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان، کە لە داڕشتەى پێشوودا هەبوو، ئەوە جگە لەوەى دەسەڵاتى بە کۆمپانیاکە داوە بە بەکارھێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ پێداویستیى نێوخۆ لەلایەن ئەو پاڵاوگانەى کە وەزارەتى نەوت گرێبەستى لەگەڵدا کردوون.
 
گۆڕانکارییەکى دیکە کە کراوە، ماوەى دانەوەى قەرزەکانى بانکى بازرگانیى عێراق و بانکە نێوخۆییەکانى دیکەیە لەسەر هەرێمى کوردستان، کە لە حەوت ساڵەوە کەمکراوەتەوە بۆ پێنج ساڵ، ئەو قەرزە لە پشکى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت.
 
لە بڕگەى یەکەمى مادەی 14دا ئەوە زیاد کراوە کە هەژمارى بانکی داهاتى نەوتى هەرێمى کوردستان لە بانکى ناوەندى دەبێت و لە برى سەرۆکوەزیرانى عێراق، وەزیرى دارایی حکومەتى عێراقى دەسەڵاتى پێدراوە بۆ ئەوەى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان سەرپشک بکات بە خەرجکردنى پارەکە، لەکاتێکدا پێشتر ئەو دەسەڵاتە لەلایەن سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە دەدرایە سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان.