سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان: دەستمان بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەستیان بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە و هەموو رێکارەکان بەگوێرەی یاسا جێبەجێ دەکەن. هەر ئەمڕۆش کۆمیسیۆن لەسەر سایتەکەی رۆژی هەڵبژاردنی دیاریکرد، کە بە گوێرەی ئەو کاتەی خستوویەتیەڕوو، 174 رۆژ ماوە بۆ هەڵبژاردن.
رۆژی شەممە، 27-05-2023 هەندرێن محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: " دەست بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەشەکانمان راسپاردووە بۆ ئەوەی پلان و بودجە و هەموو شتێک ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی ببردرێتە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆن."
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان لە نۆ ئەندام پێکدێت بەمشێوەیە: سەرۆک و ئەندامێکی پارتی، دوو ئەندامی یەکێتی، دوو ئەندامی بزوتنەوەی گۆڕان، یەک ئەندامی یەکگرتوو، یەک ئەندامی کۆمەڵ و یەک ئەندامی تورکمان. بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکانیان لەبارەی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێبکەن، پێویستە پێنج ئەندامیان ئامادەبن.
ئامادەبوونی پێنج ئەندامی کۆمیسیۆن لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنەکە لە کاتێکدایە، ئەندامانی یەکێتی ئامادەی دانیشتنەکان نابن و هەڵوێستی پارتەکەیان ئەوەیە کە "کۆمیسیۆن کارانەکراوەتەوە"، نوێنەری کۆمەڵ، یەکگرتوو و بزووتنەوەی گۆڕانیش هەڵوێستی خۆیان راگەیاندووە کە دەڵێن، ئێستا کاتی کۆبوونەوە نییە و ئامادەنابن.
لەبارەی کۆبوونەوەکانی کۆمیسیۆن بۆ ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەڵێت: "هێشتا داوای کۆبوونەوەمان نەکردووە و سەرقاڵی ئامادەکارین کە هەموو شتێک ئامادەبوو ئەو کاتە کۆبوونەوە دەکەین و زووە قسە لەسەر ئەوە بکەین."
هەر ئەمڕۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن و هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە سایتی فەرمیی خۆی ئاماژەی بە کاتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کردووە کە بەشێوەی ئەلیکترۆنی خراوەتەڕوو و ئاماژە بەوە کراوە چەند رۆژ، کاژێر، خولەک و چرکە بۆ هەڵبژاردن ماوە. بەگوێرەی ئەو کاتەی کە لە سایتی کۆمیسیۆن خراوەتەوەڕوو 174 رۆژ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ماوە.
رۆژی دووشەممە، 22ـی ئایاری 2023، پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و یەکێک لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بوو، کە ماوەی یاسایی ئەندامێتیی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە رۆژی 23-12-2019ـەوە تەواو بووە.
بەهۆی زیادکردنی بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەبێ رەزامەندیی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی دروست بوو و سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی بە دانیشتنەکە هێنا.
دوای کۆبوونەوەکە، فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، لەنێو هۆڵی پەرلەمان و بە دەنگی 58 ئەندام پەرلەمان، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کاراکرایەوە، فراکسیۆنی یەکێتیش ئەوەیان رەتکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، رێگرییان لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمان کردووە.
دوای ئەوەش هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە نووسراوێک ئاگاداری ئەنجوومەنی دادوەری، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کردەوە کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کاراکراوەتەوە و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، دوای ئەوەش رۆژی 23-05-2023 بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
گرژییەکانی یەکێتی و پارتی لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن پەیوەندی بە رێککنەکەوتنیان لەبارەی شێوازی بەشداریی پێکهاتەکانی پەرلەمانە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە پارتی دەڵێت، دەبێت خۆیان بڕیار بدەن، پێکهاتەکانیش رەتیدەکەنەوە بە فرەبازنەیی بەشداری هەڵبژاردن بکەن و یەکێتیش داوا دەکات لە 11 کورسی پێکهاتەکان چواریان بۆ سنووری سلێمانی بێت.
ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لەکاتێکدایە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکردووە.