لە دووکان 30 خوێندکار لە سەیراندا بەهۆی خۆراکەوە ژەهراوی بوون
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی"122" رایگەیاند، 30 خوێندکاری پەیمانگە، کە بۆ سەیران چووبوونە دووکان، بەهۆی خۆراکەوە ژەهراوی بوون.
رۆژی شەممە، 27-05-2023 سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی"122" بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "30 خوێندکاری پەیمانگەی قەیوان، سەردانی سەیرانگەی دووکانیان کردووە و بەهۆی خۆراکەوە تووشی ژەهراویبوون بوون."
بەگوتەی بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی، ئەو 30 خوێندکارە خواردنیان لەگەڵ خۆیان بردووە و دەڵێ "رەنگە بەهۆی گەرمی و ساردی خواردنەوە ژەهراوی بووبن."
لەبارەی تەندروستیی خوێندکارەکان، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی گوتی، ئاگاداری رەوشی تەندروستیان نین، چونکە ئەوان لە نەخۆشخانەی دووکانن و ئەمبیوڵانسیان بۆ ناردوون بۆ ئەوەی هەموویان رەوانەی نەخۆشخانەی شار بکرێن.
بەشێک لەو خوێندکارانەی لە هاوینەهەواری دووکان بەهۆی خۆراکەوە ژەهراوی بوون، گەیێندرانە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی
— Rudaw (@Rudawkurdish) May 27, 2023
ڤیدیۆ: پێشەوا بەختیار - رووداو pic.twitter.com/HRJ5fBhIwf