ڤیان سەبری: گۆڕانکارییەکانی مادەکانی 13 و 14ـی رەشنووسی یاسای بودجە تەواو نادەستوورین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، گۆڕانکارییەکانی مادەکانی 13 و 14ـی رەشنووسی یاسای بودجە تەواو نادەستوورین، دەشڵێ "روونە کە هەندێک لایەنی سیاسی نایانەوێت ئەم پڕۆژەیاسایە تێپەڕێت".
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ (شەممە، 27-05-2023) لەکاتی بەشداریکردنیدا لە بوڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولرەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، گۆڕانکارییەکانی مادەکانی 13 و 14ـی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق سرووشتی نین، روونە هەندێک لایەنی سیاسی نایانەوێت ئەم پڕۆژەیاسایە تێپەڕێت.
پێنجشەممەی رابردوو، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەستکاری بڕگەی تایبەت بە هەناردەی نەوتی کوردستانی لە رەشنووسی بودجەی عێراق کرد و گۆڕی.
بەپێی گۆڕانکارییەکە؛ دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت بەبێ کێڵگەکانی ناوچە کوردستانییەکانی کەرکووک و نەینەوا رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، گۆڕانکاریی دووەم بریتییە لەوەی ئەو نەوتەی رادەستی سۆمۆ دەکرێت، مەرج نییە هەر بۆ هەناردەکردن بێت، بەڵکو دەتوانرێت بۆ پڕکردنەوەی پێویستی نێوخۆ لە سووتەمەنیش بەکاربهێندرێت.
ڤیان سەبری ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەی دارایی بۆی هەیە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا هەندێک خاڵ بگوازێتەوە (موناقلەی بکات) و خەرجییەکان کەم بکاتەوە''، بەڵام مافی ئەوەی نییە داڕشتەی حکومەت بگۆڕێت و بە شێوازێکی دیکە کە دژ بە رێککەوتنی سیاسی و حکومیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقە، بیگۆڕێت و هەندێک خاڵ زیاد بکات کە لە بنەڕەتدا نادەستوورین.
هەر لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکاندا هاتووە، ئەگەر پارێزگایەک لە دابەشکردنی بودجە ناڕازی بوو، بەشە بودجەی ئەم پارێزگایە لە پشکی هەرێمی کوردستان کەم دەکرێتەوە و حکومەتی فیدراڵی راستەوخۆ بەشە بودجەی پارێزگاکە دەنێرێت، ئەوە جگە لە هاوبەشیکردنی حکومەتی ناوەندی بۆ بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
پابەندی و کۆت و بەندێکی زۆر لەو گۆڕانکارییانەدا بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد، لایەنە کوردییەکان کە لە کاتی ئەم گۆڕانکارییەدا لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی دەنگیان بە گۆڕانکارییەکان داوە، "بیریان لەوە نەکردووەتەوە ئەگەر حکومەتی عێراق پابەندی ئەرکەکانی خۆی نەبوو، دەبێ چی بکرێت؟ بۆ پابەندبوونی حکومەتی فیدراڵی لە پڕۆژەیاساکە، هیچ خاڵێکی تێدا جێگیر نەکراوە کە دواتر لە کاتی پابەندنەبوونی، بۆ سزایەک، کەڵکی لێ وەربگیرێت''.
گۆڕانکاریی رەشنووسەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە دانەوەی رێژەی لانیکەمی 10٪ـی لێبڕینی مانگانەی مووچە پابەندکردووە. ڤیان سەبری لەوبارەوە دەڵێت، لە پڕۆژەیاسای بودجەدا هیچ پشکێک بۆ دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆران دیاری نەکراوە، ''بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکدار دەکات بە دانەوەی پاشەکەوتەکە؛ ئەوە لە کاتێکدایە ساڵی 2014 حکومەتی فیدراڵی بودجەی ئێمەی بڕی و بووە هۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان''.
پەرلەمانتارەکە ئەوەشی خستەڕوو، فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ دانەوەی مووچەی پاشەکەوتی مووچەخۆرانە، ''بەڵام با حکومەتی فیدراڵی بڕە پارەیەکی بۆ دیاری بکات، ناکرێت بەبێ ئەوەی هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ بنرێتەوە، شتێک بخرێتەڕوو".
ڤیان سەبری پێیوایە، ئێستا پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق، بابەتێکی زۆر ئاڵۆزە و پەیامی سەرۆکایەتیی حکومەت و هەرێمی کوردستانیش لەو بارەوە روونە، ''ئەو رێککەوتنە سیاسییەی کراوە، دەبێ لە بودجەدا جێیبکرێتەوە و کەی یاسای نەوت و گازیش دەرچوو، ئەوکاتە دەردەکەوێت ماف و ئەرکەکان بۆ هەردوولایەن چین''.
دوای گۆڕانکارییەکانی رەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی عێراق لە لیژنەی دارایی پەرلەمان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا "نیگەرانیی قووڵی" خۆی لە دەستکاریکردن و گۆڕانکاری لە ماددەکانی 13 و 14ـی پڕۆژەیاساکە دەربڕی و داوای له لایەنە سیاسییەکان بهتايبهتى لايهنهكانى هاوپهيمانيى بهڕێوهبردنى دهوڵهت کرد، پابهندى رێككهوتنهكان بن. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا گوتی، "دەبێت هەموولایەک رێز لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بگرن".
پابەندکردنی هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکانی و هەڕەشەی بەرکارکردنی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق تایبەت بە نەوتی کوردستان لەکاتی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، دوو گۆڕانکاریی دیکەن؛ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ئەوە بە پێشێلکارییەکی گەورەی مافی خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەزانێت.
بڕیارە هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت لە چەند رۆژی داهاتوودا، لەبارەى پرۆژەیاسای بودجەى گشتیی عێراق و ناکۆکیى لایەنەکان لەبارەیەوە کۆببێتەوە، ڤیان سەبری ئاماژەی بەوە کرد، ''پێویستە گوشارێکی سیاسی لەسەر هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هەبێت، بەتایبەتی بۆ لایەنی شیعە، پاراستنی ئەو رێککەوتنە سیاسییە، ئەرکی سەرجەم لایەنەکانە و دەبێ یەکدەنگ بن''.
بەپێچەوانەی ئێستا، لە کاتی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق، فراکسیۆنە کوردییەکان یەکدەنگ بوون، پەرلەمانتارەکە لەوبارەوە گوتی، ''ئەم جارەش زۆرمان هەوڵ دا بۆ یەکدەنگیی کورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمان، بەڵام کاتێک پێشێلکاری لە سەرجەم مافەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و گۆڕانکارییەکان ناسرووشتین، ئەوە قبووڵکراو نییە، بۆیەش کۆبوونەوەی لیژنەی داراییمان بایکۆت کرد''.
پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیی عێراق کە بۆ سێ ساڵە (2023، 2024 و 2025)، قەبارەی ساڵانەی زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە، لەو بڕەش زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.