چەکداری نەناسراو هێرش دەکەنە سەر گوندێکی خانەقین و دوو کەس بریندار دەکەن

 
رووداو - گەرمیان

کاژێر 10:14 خولەکی ئەمشەو 27-04-2021 چەکداری نەناسراو بە نیشانشکێن هێرش دەکەنە سەر گوندی کەریم داود لە سنووری خانەقین و دوو لە دانیشتووانی گوندەکە بریندار دەکەن.
 
هەڵۆ محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، چەکدارەکان لە دوورەوە هێرشەکەیان ئەنجامداوە، بەو هۆیەشەوە هاووڵاتییەک بەناوی "هەیسەم نەجم عەبد بەتی" لەدایکبووی 1995 فیشەکێک بەر دەفەی شانی کەوتووە و بریندار بووە، کەسێکی دیکەش بەناوی "ئەحمەد نەجم بەتی" لەدایکبووی 1987 فیشەک بەر دەموچاوی کەوتووە و لە گوێی چەپیەوە دەرچووە.
 
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، بریندارەکان براونەتە نەخۆشخانەی خانەقین بۆ وەرگرتنی چارەسەر و هێزێکی سوپای عێراقیش چوونەتە شوێنی رووداوەکە.
 
لە ماوەی 15 رۆژدا ئەمە سێیەم هێرشی چەکدارییە لە سنووری گوڵاڵە و خانەقین، بەو هۆیەشەوە پێنج کەس بریندار بوون و دوو کەسیش کوژراون.