حدکا: هاوپەیمانییەک بۆ جێگرتنەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکدەهێنین

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت، ئەو هاوپەیمانێتییە رەتدەکەنەوە کە لەلایەن ژمارەیەک کەسایەتی و چالاکڤانی ئێرانی و کوردەوە پێکهاتووە و بە "جاڕنامەی جۆرج تاون" ناسراوە و لە هەوڵدان هاوپەیمانێتییەک لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن پێکبهێنن بۆ جێگرتنەوەی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی کۆماریی راستەقینە لە ئێراندا.
 
خالید عەزیزی، گوتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران - حدکا لە کۆبوونەوەیەکدا بە بەشداریی نوێنەرانی ژمارەیەک لایەنی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە شاری تۆرێنتۆی کەنەدا رایگەیاند، هەردوو شێوازی دەسەڵاتی پاشایەتی و ئایینی رەتدەکەنەوە و دەیانەوێت دەسەڵاتێکی کۆماری لەسەر بنەمای دیموکراسی و جیایی ئایین لە دەسەڵات، دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، چڕنەبوونەوەی دەسەڵات و بەڕێوەبەری لە ناوەند دابمەزرێنن و ئەو خاڵانە بکەن بە بنەمای ئەو دەسەڵاتەی دوای کۆماری ئیسلامی لە ئێران دادەمەزرێت.
 
گوتەبێژی حدکا دەشڵێت، "دروستکردنی ئەڵتەرناتیڤ بۆ کۆماری ئیسلامی دەبێت رەنگدانەوەی راستییەکانی نێو کۆمەڵگەی ئێران بێت و دان بە فرە نەتەوەبوونی ئێراندا بنێت". هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات، "نەتەوەکانی نێو ئێران دەبێت بۆ دروستکردنی هێزی ئەڵتەرناتیڤی کۆماری ئیسلامی بگەنە رێککەوتنێکی سەرەتایی و بەشدارییان لە بەڕێوەبەریی داهاتووی ئێران گەرەنتی بکرێت."
 
خالید عەزیزی ئەوەی خستووەتەڕوو، ئێران لە داهاتوودا لە رێگەی ئەکتەر و هونەرمەندانی ناسراو و چالاکڤانانەوە بەڕێوە ناچێت، بەڵکو پێیوایە دەبێت بە هاوکاریی نێوان هێزە سیاسییەکان ئێرانی داهاتوو بنیات بنێنەوە. ئاماژەی بەوەش د، "حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران نایەوێت باسکردن و رێککەوتن لەسەر تەواوی بابەتەکانی جێی ناکۆکی لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان بۆ داهاتوو و دوای رووخانی کۆماری ئیسلامی دوابخرێن."
 
گوتەبێژی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران باسی لەوەش کردووە، ئەو حیزبە لە هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکدایە لەنێوان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی و لە هاوپەیمانییەکەدا هەوڵدەدەن هێزە سیاسییەکانی نەتەوەکانی نێو ئێران و هەموو ئەو لایەنانەی باوەڕیان بە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی کۆماری و دیموکرات هەیە، بەشدار دەبن.
 
رۆژی هەینی 10-03-2023 جاڕنامەیەک بە ناوی "هاوپشتی و رێکخستن بۆ ئازادیی ئێران" بڵاوکرایەوە. جاڕنامەکە لەلایەن شەش چالاکڤان، لەنێویاندا عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و رەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێران بڵاوکراوەتەوە. لەو جاڕنامەیەدا کورد و نەتەوەکانی دیکەی نێو ئێران بە "قەوم" ناویان هاتووە و ئاماژە بەوە کراوە، فرەیی کۆمەڵگەی ئێران قبووڵ دەکەن و هەوڵی نەهێشتنی جیاکاری دەدەن و بەپێی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان دان بە پێگەی زمانی دایکدا دەنێن.
 
دوای بڵاوبوونەوەی جاڕنامەکە، عەبدوڵڵا موهتەدی لە پەیامێکدا گوتی، بەهۆی ئەوەی رەزا پەهلەوی لە نێو هاوپەیمانییەکە دایە، نابێ دادوەری نەرێنی لەسەر بکرێت. دەشڵێت، هیوادارە ئەو هاوپەیمانییە ببێتە هاوپەیمانییەکی بەربڵاو، کە فرەیی و جیاوازیی شوناسە جیاوازەکانی نێو ئێران بە فەرمی بناسێت.